شارەزایەکی
بواری کەشناسی و گەردوونناسی ڕایدەگەیەنێت، بەپێی لێکدانەوە فەلەکییەکان یەکەم
ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی ساڵی داهاتوو دەکەوێتە 8ی شوبات و یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانیش
9ی ئازاری 2027 دەبێت.
سالار حاجی
عەلی، شارەزای بواری کەشناسی و گەردوونناسی، وردەکارییەکانی خستووەتەڕوو و دەڵێت:
لە 6ی شوباتی 2027، کاتژمێر 6:55ی ئێوارە بە کاتی هەرێمی کوردستان مانگ نوێ
دەبێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خۆر، مانگ و زەوی لە یەک هێڵدا دەبن، بۆ ئەو شەوە
مانگ نابینرێت. هەرچەندە بۆ ڕۆژی 7ی مانگ تەمەنی هیلال دەگاتە 18 بۆ 19 کاتژمێر و
لە هەندێک وڵات گومان دەکرێت بکرێتە ڕەمەزان، بەڵام لە ڕووی فەلەکییەوە دروست
نییە، بۆیە 8ی شوبات یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی ساڵی 1448ی کۆچی دەبێت.
سەبارەت بە
جەژنی ڕەمەزان، ئەو شارەزا گەردوونناسییە ئاماژەی بەوە کردووە، ڕۆژی 8ی ئازاری 2027
کاتژمێر 12:29ی خولەکی نیوەڕۆ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان مانگ نوێ دەبێتەوە. تا
کاتی نوێژی شێوان تەمەنی هیلال دەگاتە 30 بۆ 10 خولەک و بە تەلەسکۆپ دەبینرێت،
بەمەش ڕۆژی 9ی ئازار دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان. هاوکات پێشبینی دەکرێت
مانگی ڕەمەزانی ساڵی داهاتوو 29 ڕۆژ بێت و لە 8ی شوباتەوە تا 8ی ئازار بخایەنێت.
لەسەر
گۆڕانکارییە کەشوهەواییەکانیش خستوێتییەڕوو، تەنها لە حاڵەتێکدا ئەگەر بەهۆی
ناسەقامگیری کەشوهەواوە مانگ نەبینرێت، ئەوا جەژن دەکەوێتە 10ی ئازار کە پێی
دەوترێت ڕۆژی گومان، بەڵام لە ڕووی فەلەکییەوە 9ی ئازار جەژن دەبێت. ساڵانەش
وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان وەک نەریتێک بۆ بینینی هیلالی مانگ لەسەر چیا
بەرزەکان لیژنەکانی جێگیر دەکات.
127 جار خوێندراوەتەوە