ژمێریارێکی پەروەردە دەستگیرکرا؛ شەش ساڵ مووچەی فەرمانبەرێکی وەهمی وەرگرتووە

KNN : Kurdish News Network
09:40 - 06/09/2026
عێراق
+
-

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق دەستگیرکردنی ژمێریارێکی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی نەینەوا ڕاگەیاند، کە بۆ ماوەی نزیکەی شەش ساڵ مووچەی فەرمانبەرێکی "وەهمی" خەرجکردووە و بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆی بردوویەتی.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی نەینەوا توانیویانە ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بکەن کە وەک ژمێریار لە بەشی پەروەردەی قەزای حەزەر لە قەیارە کاردەکات. تۆمەتبارەکە لە کۆتایی ساڵی 2017ـەوە تاوەکو ساڵی 2023، بە بیانووی گواستنەوەی فەرمانبەرێک لە نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردە لە هەولێرەوە بۆ بەشی پەروەردەی حەزەر، مووچەی بەناوی ئەو فەرمانبەرە "وەهمییە"ـەوە خەرجکردووە و پارەکەی بۆ خۆی گلداوەتەوە.

 

ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە دوای لێکۆڵینەوە و وردبینییەکان دەرکەوتووە کە هیچ فەرمانێکی دەستبەکاربوون بۆ ئەو فەرمانبەرە لە بەشی پەروەردەی حەزەر دەرنەچووە و هیچ مۆڵەتێکی ئەمنیشی لە هۆبەی مۆڵەتە ئەمنییەکانی پەروەردەی نەینەوا نەبووە. هەروەها تۆمارەکان خاڵین لە هەر بەڵگەنامە و دۆسیەیەکی فەرمی کە بوونی ئەو فەرمانبەرە یان گواستنەوەی لە هەولێرەوە بسەلمێنێت، ئەمەش ڕاستیی تاوانەکەی ئاشکرا کردووە.

 

لە کۆتاییدا دەستەکە ڕوونیکردووەتەوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی فەرمی بۆ پرۆسەکە ڕێکخراوە و تۆمەتبارەکە لەگەڵ بەڵگەنامە دەستبەسەرداگیراوەکان ڕەوانەی بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوای تایبەتمەند بە پرسەکانی دەستپاکی کراوە، دادوەریش بڕیاریداوە بەپێی ماددەی (315) لە یاسای سزادان، تۆمەتبارەکە ڕابگیرێت.

1461 جار خوێندراوەتەوە