عەلی زەیدی: مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور و یاسا پارێزراوە

KNN : Kurdish News Network
06:56 - 15/09/2026
عێراق
+
-

 عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هێزە ئەمنییەکانیان توانای پاراستنی خاکی عێراقیان هەیە و حکومەت کار بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەش دەکات. ئاماژە بەوەش دەکات، عێراق ناتوانێت تەنها پشت بە یەک ڕێڕەو ببەستێت بۆ هەناردەکردنی نەوت و دەیانەوێت سەرچاوەکانی هەناردەکردن فراوان بکەن.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ فریدریش مێرتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە بەرلین، عەلی زەیدی ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەڵمانیا "تایبەتن" و بە هاوبەشێکی جێی متمانەی دەزانن. باسی لەوەشکرد کە عێراق خاوەنی سەرچاوەیەکی زۆرە و پێویستی بە ئەزموونی ئەڵمانیایە، دەرگاش کراوەیە بەڕووی کۆمپانیا ئەڵمانییەکاندا بۆ کارکردن لە عێراق.

 

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێکی بنەڕەتییە لە دەوڵەتی عێراق و بەپێی دەستوور و یاسا شایستەی تایبەت بەخۆی هەیە. لەبارەی پرسی نەوتیشەوە ئاشکرایکرد، کە لە بەرلین گفتوگۆیان لەسەر هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەڵمانیا کردووە و کار دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، زەیدی ئاماژەی بە پرسی دەستگیرکراوە بیانییەکان لە عێراق کرد و وتی، ئەو دۆسیەیە پەیوەستە بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە. سەبارەت بە بەئامانجگرتنی سعودیەش، ڕوونیکردەوە کە بابەتەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و شیکاری بۆ ئەنجامەکان دەکرێت.

75 جار خوێندراوەتەوە