عەلی دەعدووش،
شارەزای ئابووری، هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری
عێراقی بۆ لێدوانی بەشێک لە سیاسەتمەدارەکان، دۆخی "نەدڵنیایی" و
قۆرخکاری بازاڕ دەگەڕێنێتەوە، کە وایکردووە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهای 100 دۆلار لە
بازاڕەکاندا نزیک ببێتەوە لە 160 هەزار دینار.
ئەو شارەزایەی
ئابووری لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لێدوانە
"نابەرپرسانەکان"ی بەشێک لە سیاسەتمەدارەکان و کەسانی پسپۆڕنەبوو،
کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕە ناوخۆییەکان و بەهای دینار هەیە. هەروەها دۆخی
نەدڵنیایی و قۆرخکاری بووەتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕی
هاوتەریبدا و لە ئەنجامدا بەهاکەی بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش
کردووە، بەشێک لە خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕەکاندا لە ڕێگەی ئەو دۆلارەوە دەبێت کە
لەلایەن گەشتیاران، کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە
دەگەڕێتەوە، کە پێشتر بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندییەوە وەریانگرتووە. بەڵام ئەم
خستنەڕوویە کەمیکردووە بەهۆی کەمبوونەوەی دۆلار لای بازرگانان و هاوردەکاران لە
دەرەوەی وڵات، ئەوەش لە ئەنجامی دواکەوتنی حەواڵە فەرمییەکانی تایبەت بە
هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان.
عەلی دەعدووش
ڕوونیکردەوە، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر نرخە
ناوخۆییەکان دەبێت، چونکە عێراق بۆ زۆرینەی کاڵاکان پشتی بەستووە بە هاوردەکردن،
ئەمەش سەرباری بەرزبوونەوەی باج و رسوماتە گومرگییەکان کە هۆکارێکی دیکەن بۆ
گرانبوونی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە بازاڕەکاندا.
سەبارەت بە
هەنگاوەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، دەعدووش پێی وانییە بانکەکە ڕاستەوخۆ
دەستوەردان بکات لە بازاڕی هاوتەریبدا، چونکە پشت بە سیستەمی فەرمیی ئاڵوگۆڕ و
حەواڵەی دارایی دەبەستێت لە ڕێگەی بانکەکانەوە، بەڵام دەتوانێت لە ڕێگەی
ئاراستەکردنی پەیامی دڵنیاییەوە بۆ بازرگانان و شەقام سەبارەت بە بەردەوامیی
گەیشتنی شحنەی دۆلاری کاش لە یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکاوە، دۆخەکە هێور بکاتەوە.
726 جار خوێندراوەتەوە