لەگەڵ
نزیکبوونەوەی وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، پرسی
چەکدارکردن و کۆنتڕۆڵکردنی چەک دەگەڕێتەوە ناوەندی گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی بەبێ
بوونی هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ یەکلاییکردنەوەی، لەکاتێکدا ئەمریکا هۆشداریی
توند دەداتە عێراق لەبارەی سەپاندنی سزای ئابوورییەوە.
سەباح نوعمان،
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە 10ـی ئەم مانگەدا جەختی لەوە کردەوە،
هیچ مۆڵەتێکی دیاریکراو و ڕێککەوتنێک لەگەڵ گروپە چەکدارەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی
ئەو دۆسیەیە بوونی نییە. لە بەرامبەردا، حکومەتی عێراق سوورە لەسەر قەتیسکردنی چەک
بەدەست دەوڵەتەوە، بەڵام گروپە چەکدارەکان هەر هەنگاوێک بەو ئاراستەیە دەبەستنەوە
بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان کە لە ساڵی 2014ـەوە لە عێراقن، هەروەها بە
پێشهاتەکانی ململانێی نێوان تاران و واشنتۆن.
سەرچاوەیەک
لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرایکردووە، ئەمریکا دوو پەیامی ئاراستەی عێراق
کردووە؛ لە پەیامی یەکەمدا ڕێکارەکانی حکومەتی عێراقی بۆ قەتیسکردنی چەک بە
"ڕواڵەتی" ناوبردووە و جەختی کردووەتەوە کە واشنتۆن هەنگاوی کرداری
دەوێت. پەیامی دووەمیش هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆ بووە کە تێیدا هاتووە پاشگەزبوونەوەی
حکومەت لەو پرسە، بە واتای سەپاندنی سزای قورس بەسەر عێراق و مانەوەی عەلی زەیدی
لە پۆستەکەیدا قورس دەکات.
سەرچاوەکە
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرکردەی گروپە چەکدارەکان لەگەڵ هێزەکانی چوارچێوەی
هەماهەنگی کۆبوونەتەوە و لیژنەیەکی سێقۆڵی لە (نووری مالیکی، محەمەد شیاع سودانی و
هادی عامری) پێکهێنراوە. گروپەکان پێشنیازی دەستەواژەی "ڕێکخستنی
چەک"یان کردووە، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی بەتوندی ڕەتیکردووەتەوە و جەختی
لە دیدگای حکومەت کردووەتەوە بۆ "قەتیسکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە".
پێشبینیش دەکرێت وادەی ڕادەستکردنی چەک بۆ دوای 30ـی ئەیلول و تا کۆتایی ساڵی 2026
درێژبکرێتەوە.
یاسر ئیسکەندەر
وتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان دەڵێت: "ڕێککەوتنێک لەنێوان
حکومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە بۆ پێدانی مۆڵەتی 90 ڕۆژ دوای 30ـی ئەیلولی
ئەمساڵ بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی چەکی بێمۆڵەت." ئاشکراشیکرد، حکومەت بەنیازی
پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبییە بۆ جیاکردنەوەی دامەزراوەکە لە کێشەکان و
پڕۆژەیاساکەش ڕەوانەی پەرلەمان کراوە. وتوت هۆشداریش دەدات کە یەکلانەکردنەوەی ئەم
دۆسیەیە لێکەوتەی قورسی دەبێت، لەوانە سەپاندنی سزای ئابووری.
لە لایەکی
دیکەوە، جەواد ڕەحیم ساعدی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پێیوایە، ڕادەستکردنی
چەک لەم کاتەدا بە واتای خستنە دەستی کارتی هێزی عێراقییە بۆ ناو دەستی
ئەمریکییەکان، لەکاتێکدا هیچ زەمانەتێک بۆ کشانەوەیان لە 30ـی ئەیلولدا نییە و
واشنتۆن ڕێگە بە عێراق نادات سیستەمی بەرگری و چەکی پێشکەوتوو بەدەستبهێنێت.
هاوکات غالیب دەعمی، توێژەری سیاسی دەڵێت، چوارچێوەی هەماهەنگی فشاری گەورە لەسەر
سەرۆک وەزیران دەکات بۆ ئەوەی وادەیەکی جێگیر بۆ ڕادەستکردنی چەک دیاری نەکات،
بەڵام لە کۆتاییدا حکومەت دەیەوێت ئەو کارە بکات بۆ ڕێگریکردن لە خوێنڕشتن.
469 جار خوێندراوەتەوە