دەستەی دەستپاکی تۆمەتبارێکی هەڵاتوو لە ئیماراتەوە دەگەڕێنێتەوە کە زیاتر لە ملیارێک دیناری بردووە

KNN : Kurdish News Network
08:41 - 16/09/2026
عێراق
+
-

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕایگەیاند؛ توانیویانە تۆمەتبارێکی هەڵاتوو لە وڵاتی ئیماراتەوە بگەڕێننەوە کە بە چوار بڕیاری دادگا داواکراو بووە بەهۆی بردنی زیاتر لە یەک ملیار دینار لە فەرمانگەی تۆماری کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی.

 

لە ڕاگەیەندراوێکی دەستەکەدا هاتووە، تۆمەتبارەکە ناوی (محەمەد عیسمەت محەمەد سەعید)ـە و لە ماوەی کارکردنیدا وەک گەنجینەدار (ئەمین سندوق) لە فەرمانگەی تۆماری کۆمپانیاکان، لە ڕێگەی دەستکاریکردنی پسوڵەکانی وەرگرتن و داهاتەکانەوە، بڕی یەک ملیار و 31 ملیۆن دیناری بردووە و جیاوازیی پارەکەی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکارهێناوە.

 

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر فەرمانگەی گەڕاندنەوە چوار دۆسیەی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو تۆمەتبارە ئامادە کردووە و ئاراستەی ئیماراتی کردووە، هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، فەرمانی گرتنی نێودەوڵەتی (سوور)ی بۆ دەرکراوە، کە بووەتە هۆی دەستگیرکردنی و دواتر ڕادەستکردنەوەی بە عێراق بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەری.

 

سەبارەت بە سزاکانیش، دەستەکە ڕوونیکردووەتەوە کە دادگا بە پشتبەستن بە وتەی نوێنەرانی یاسایی وەزارەتی بازرگانی و فەرمانگەی تۆماری کۆمپانیاکان، شایەتحاڵەکان و ئەنجامی لێکۆڵینەوە کارگێڕییەکان، چوار سزای غیابی بەپێی ماددەی (315) لە یاسای سزادانی عێراقی بەسەردا سەپاندووە. کۆی سزاکانی زیندانیکردنی دەگاتە (55) ساڵ، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی، هەروەها هێشتنەوەی مافی قەرەبووکردنەوە بۆ لایەنی زیانلێکەوتوو لە دادگاکاندا.

94 جار خوێندراوەتەوە