پەیمانگە حکومییەکان بەبێ مەرجی تەمەن دەستیان بە وەرگرتنی خوێندکاران کرد

KNN : Kurdish News Network
12:28 - 13/09/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بە کردنەوەی خوێندنی پاراڵێڵ و ئێواران لە سەرجەم پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتەکە بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027)، هاوکات پەیمانگە حکومییەکانیش دەستیان بە وەرگرتنی خوێندکاران کردووە.

 

بەپێی فەرمانێکی وەزاری کە واژووی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە و پاڵپشت بە نووسراوێکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کە لە ڕێکەوتی حەوتی ئەیلوولی 2026 دەرچووە، بڕیاردراوە بە دەستپێکردن و کردنەوەی پرۆسەی خوێندنی پاراڵێڵ و ئێواران لەسەرجەم پەیمانگەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەمساڵی خوێندن.

 

لە دوای دەرچوونی فەرمانەکەش، بەشێک لە پەیمانگە حکومییەکان لە پارێزگای سلێمانی، لەوانە پەیمانگەی کۆمپیوتەر و پەیمانگەی وەرزشی سلێمانی، دەرگای ناوتۆمارکردنیان بۆ دەرچووانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی کردەوە. بەپێی ئاگاداریی ئەو پەیمانگایانە، کرێی خوێندنی پاراڵێڵ بۆ دەوامی بەیانیان 400 هەزار دینارە و، کرێی خوێندنی ئێوارانیش لەنێوان 600 بۆ 750 هەزار دیناردایە، کە دەکرێت بە شێوازی قستیش بدرێت. ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە مەرجی تەمەن و ساڵی دەرچوون بۆ وەرگرتنی خوێندکاران لەو بەشانەدا پێوەر نییە و نەماوە.

651 جار خوێندراوەتەوە