بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بڕیاریدا سیستمی 'تاک و جووت' بۆ دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری جێبەجێ بکات، ئەوەش بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەو قەرەباڵغییەی ماوەیەکە بەنزینخانەکانی شارەکەی گرتووەتەوە
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕایگەیاند، لە سبەینێ شەممەوە کار بەو سیستمە نوێیە دەکرێت و پرۆسەی دابەشکردنی بەنزین بەپێی کۆتا ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان ڕێکدەخرێت، بە جۆرێک ڕۆژێک تایبەت دەبێت بە پێدانی بەنزین بەو ئۆتۆمبێلانەی ژمارەی تابلۆکانیان تاکە و ڕۆژی دواتریش بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی ژمارەکەیان جووتە، بە هەمان ڕیزبەندییش پرۆسەکە بەردەوام دەبێت
جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، زیاتر لە سێ مانگە نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە و بەو هۆیەوە شۆفێران ناچارن بۆ وەرگرتنی تەنها 40 لیتر بەنزینی نۆرماڵ بە نرخی 750 دینار، ڕۆژانە چەندین کاتژمێر لە نۆرەی بەنزینخانەکاندا بمێننەوە، ئەمەش ناڕەزایەتیی زۆری هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە لەسەر کواڵیتی، نرخ و شێوازی دابەشکردنەکە.
330 جار خوێندراوەتەوە