ئەمریکا نرخی سووی بەرزکردەوە و بازاڕی زێڕ شڵەژانی بەخۆیەوە بینی

KNN : Kurdish News Network
09:21 - 16/09/2026
ئابوری
+
-

بانکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا ڕێژەی سووی بە بڕی چارەکە خاڵێکی سەدی بەرزکردەوە و گەیاندیە نێوان 3.75٪ بۆ 4٪، بەڵام بەپێچەوانەی پێشبینییە ئابوورییەکانەوە کە دەبوو نرخی زێڕ دابەزێت، بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و گەیشتە نزیکەی چوار هەزار و 348 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا، بانکی یەدەگی فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە، ڕێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەدا هێشتا لە ئاستێکی بەرزدایە، بۆیە بڕیاری بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو پاڵپشتییەکی گەورە دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی هەڵاوسان بۆ ئەو ئاستەی کە کراوەتە ئامانج.

 

بە شێوەیەکی گشتی لە زانستی ئابووریدا، کاتێک بانکی ناوەندیی ئەمریکا ڕێژەی سوو بەرز دەکاتەوە، نرخی زێڕ دادەبەزێت، چونکە وەبەرهێنەران ڕوو لە کڕینی دۆلار و بەڵگەنامەکانی خەزێنەی ئەمریکا دەکەن کە قازانجی زیاتر دەدەن. بەڵام ئەمجارە چەند هۆکارێکی ناوازە وایانکردووە زێڕ بەرز ببێتەوە؛ دیارترینیان کەمبوونەوەی متمانەی وەبەرهێنەرانە بە هێزی درێژخایەنی دۆلار بەهۆی فراوانبوونی کورتهێنانی دارایی ئەمریکا، کە وایکردووە سەرمایەداران ڕوو لە زێڕ بکەن وەک حەشارگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان.

 

هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی زێڕ، مەترسییەکانی تەقینەوەی هەڵاوسانە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و نەوت، هاوکات لەگەڵ ناسەقامگیری و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێکان لەگەڵ ئێران.
لەلایەکی دیکەشەوە، بازاڕەکان بە ڕێژەی 93٪ پێشبینیی بڕیارەکەی بانکی فیدراڵییان کردبوو، بۆیە پێشوەختە کاریگەرییە نەرێنییەکەی لەسەر زێڕ دانرابوو، ئێستاش سەرنجی بازاڕەکان لەسەر پەیامەکانی داهاتووی کێڤن وۆرش، سەرۆکی بانکی فیدراڵییە، بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بەردەوام دەبێت لەو سیاسەتە توندە یان نا.

3543 جار خوێندراوەتەوە