ئەنجامی کۆتایی
هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوید ڕاگەیەندرا و تیایدا بلۆکی چەپ و ناوەڕاست بە
سەرۆکایەتیی ماگدالینا ئەندەرسۆن بە بەدەستهێنانی 176 کورسی زۆرینەی پەرلەمانیان
مسۆگەر کرد، لە بەرامبەریشدا ئۆڵف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بە فەرمی
دەستی لەکارکێشایەوە.
دوای
ڕاگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنەکە کە لە 13ی ئەیلوولی 2026 بەڕێوەچوو،
لە 17ی ئەیلوولدا ئۆڵف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوید لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی
خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی
سەرۆکی پەرلەمان کردووە. ئامانج لەم هەنگاوە خێراکردنی پرۆسەی دەستوورییە بۆ
دەستپێکردنی ڕاوێژکارییەکان بەمەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، دوای ئەوەی بلۆکی
ڕاستڕەوی دەسەڵاتدار زۆرینەی لەدەستدا و تەنیا 173 کورسیی بەدەستهێنا.
بەپێی
ئەنجامەکان، لە کۆی 349 کورسیی پەرلەمان (ڕێکسداگ)، پارتی سۆسیال دیموکرات وەک
گەورەترین پارت 99 کورسیی بەدەستهێناوە و پارتی مۆدێراتیش 70 کورسیی هەیە. یەکێک
لە گۆڕانکارییە دیارەکانی ئەم هەڵبژاردنە، پاشەکشەی پارتی دیموکراتەکانی سوید (SD)ـی
ڕاستڕەوی توندڕەو و دژە کۆچبەر بوو، کە بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا دەنگەکانی کەمی
کرد و بە بەدەستهێنانی 62 کورسی بۆ سێیەم گەورەترین پارتی وڵاتەکە دابەزی. پارتی
چەپیش 30 کورسی، پارتی ناوەڕاست 25 کورسی، و هەریەک لە پارتەکانی سەوز و مەسیحی
دیموکراتەکان 22 کورسی، هەروەها لیبرالەکانیش 19 کورسییان مسۆگەر کردووە.
لەم
هەڵبژاردنەدا حەوت کاندیدی کورد لەسەر لیستە جیاوازەکان توانیویانە ببنە ئەندامی
پەرلەمانی سوید کە پێکهاتوون لە (قادر کاسرگا، لاوین ڕێدان، گورگین باقرچی ئۆغلۆ،
هەنا ئەمین، سارا گویلە، تەلار ئەلکوردی و هاوار ئاسایش). لە ئێستاشدا ماگدالینا
ئەندەرسۆن چانسی یەکەمی هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بەڵام پێشبینی دەکرێت
بەهۆی جیاوازیی ئایدۆلۆژیی نێوان پارتەکانی نێو بلۆکەکەیەوە (بەتایبەت پارتی
ناوەڕاست و پارتی چەپ)، گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ چەند هەفتەیەک بخایەنێت.
272 جار خوێندراوەتەوە