وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو: یەدەگی ئاوی عێراق 31 ملیار مەتر سێجای تێپەڕاندووە

KNN : Kurdish News Network
09:17 - 15/09/2026
عێراق
+
-

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئاستی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و یەدەگی ئاوی وڵاتیش 31 ملیار مەتر سێجای تێپەڕاندووە، جەختیش دەکاتەوە کە ئەو بڕە ئاوە بەش دەکات بۆ دابینکردنی پشکی ئاوی پێویست بۆ کەرتی کشتوکاڵ لە وەرزی زستاندا.

 

خالید شیمال، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەی ئاستی دیجلە و فورات یەدەگی ئاوی وڵاتی گەیاندووەتە ئاستێکی زۆر باش. ئاماژەی بەوەش کرد، پلانی کشتوکاڵی زستانە بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی دادەڕێژرێت، کە پشت بە سێ پێوەری سەرەکی دەبەستێت: قەبارەی ئاوی بەردەست لە بەنداوەکان، پێشبینیی داهاتی ئاو لە وەرزی زستاندا، لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆیی و جیهانی بۆ بەروبوومەکان.

 

وتەبێژەکەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو باسی لەوەش کرد کە ئەولەوییەتی دابەشکردنی ئاو لە عێراقدا بۆ خواردنەوە و بەکارهێنانی ماڵانە و تەندروستییە، دواتر بۆ پێداویستییەکانی پلانی کشتوکاڵی و ژینگەی شەتولعەرەب و زۆنگاوەکان (ئەهوار)، پاشان بۆ کەرتەکانی پیشەسازی و نەوت تەرخان دەکرێت.

 

بڕیاریشە بەر لە 15ی تشرینی دووەم، کۆبوونەوەیەکی فراوان بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای هەرسێ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، کشتوکاڵ، و بازرگانی بکرێت بۆ پەسەندکردنی وردەکارییەکانی پلانی زستانە. لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتەکە ئاشکرای کردووە کە لە ساڵی 2026دا پێشکەوتنێکی بەرچاویان لە ئاستی یەدەگی ئاودا بەدەستهێناوە و لەسەر چوار تەوەری سەرەکی کاردەکەن، کە بریتین لە: بەردەوامبوونی گفتوگۆی هونەری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئاو، هەڵمەتی نیشتمانی بۆ نەهێشتنی زێدەڕۆییەکانی سەر سەرچاوەکانی ئاو، جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاودێریی مۆدێرن (وەک ئاودێریی داخراو و ژێر زەوی)، و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ترشاندن و بەفیڕۆنەدانی ئاو.

155 جار خوێندراوەتەوە