تەمویلی مووچەی مانگی ئاب خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی

KNN : Kurdish News Network
12:37 - 14/09/2026
ئابوری
+
-

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕی 831 ملیار و 666 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئاب خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، و ئاماژە بەوەش دەکات لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرایکرد، هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی ئاب لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرەڕای بڕینی ئەو پارەیە، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی شەش ملیار و 30 ملیۆن و 166 هەزار دیناری دیکەی لە تەمویلی مووچەی مانگی ئاب نەناردووە، کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

 

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕوونیشیکردووەتەوە، دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بە شێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت.

489 جار خوێندراوەتەوە