لە کۆنگرەیەکی
ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لە دیمەشقی پایتەخت، وەزیرانی دەرەوەی سوریا و تورکیا
جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانیان و ئاسایشی ناوچەکە کردەوە،
هاوکات ئاشکراکرا کە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی سوریا
دەکات.
ئەسعەد
شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند،
ئامانجیان ئەوەیە چەک تەنیا بە دەست دەوڵەتەوە بێت و کار بۆ بونیادنانی سوپایەکی
بەهێز دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، لەئێستادا
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ تورکیا چوار ملیار دۆلارە و هەوڵدەدەن ئەو
ژمارەیە بۆ 10 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا بەرز بکەنەوە.
سەبارەت بە
پرسی ئاوارەکان، شەیبانی باسی لەوە کرد کە کار بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان
دەکەن و تا ئێستاش زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هێرشی توندی کردە سەر
ئیسرائیل و وتی:
"ئیسرائیلی
داگیرکەر نائارامی لە سوریا دروست دەکات و دەبێت لەو ناوچانەی داگیری کردوون
پاشەکشێ بکات."
لە لای خۆیەوە،
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات
(هەسەدە)ی بە پێشهاتێکی گرنگ ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە لەوەش گرنگتر
جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیەیە، هاوکات داوای لە سەرجەم گروپە چەکدارەکان کرد بێنەوە
ژێر چەتری دەوڵەتی سوریا.
وەزیری دەرەوەی
تورکیا ڕوونیشیکردەوە کە سوریا هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ چەسپاندنی ئاسایش و
سەقامگیری لە ناوچەکە و، ئامانجی ئەنقەرەش بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانێتی لەگەڵ
دیمەشق. فیدان ئاشکراشی کرد کە لە
داهاتوویەکی نزیکدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی سوریا دەکات. لە
کۆتاییشدا گەشبینیی خۆی نیشاندا بەوەی پەیوەندییەکانی سوریا و وڵاتانی جیهان بەرەو
باشتربوون دەچن و، هەڵگرتنی سزاکانی سەریشی بە هەنگاوێکی کاریگەر لەو ئاراستەیەدا
وەسف کرد.
74 جار خوێندراوەتەوە