باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران: پێویستە خوێندکارانی عێراقی ڕێز لە واقیعی ژینگەیی و کۆمەڵایەتیی ئێران بگرن

KNN : Kurdish News Network
03:03 - 07/09/2026
عێراق
+
-

باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران، ئەمڕۆ دووشەممە، پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی بۆ بەدواداچوون لەسەر پرسی هێرشکردنە سەر ژمارەیەک خوێندکاری عێراقی لە پارێزگای سمنان ڕاگەیاند.

 

یاسر عەبدولزەهرا، باڵیۆزی عێراق لە تاران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، باڵیۆزخانەکەیان زانیاری پێگەیشتووە لەبارەی دروستبوونی لێکتێنەگەیشتن و دەمەقاڵێیەک کە پەیوەستە بە ژمارەیەک خوێندکاری عێراقی لە پارێزگای سمنان و هێرشکردنە سەریان. ئاماژەی بەوەشکرد، دەستبەجێ لیژنەیەکی تایبەتیان پێکهێناوە و چوونەتە شوێنی نیشتەجێبوونی خوێندکارەکان، هاوکات بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کێشەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە و چارەسەری لێکەوتەکانیان کردووە.

 

باڵیۆزی عێراق جەختی لەوەش کردەوە کە باڵیۆزخانەکەیان بەردەوام چاودێریی دۆسیەی خوێندکارانی عێراقی و ڕەوشیان لە پارێزگا جیاوازەکانی ئێران دەکات. دووپاتیشیکردەوە نێردە دیپلۆماسییەکەیان ڕێگە بە هیچ پێشێلکاری و دەستدرێژییەک بۆ سەر خوێندکارانی عێراقی نادات و کار دەکات بۆ دابینکردنی پاراستن و پاڵپشتیی پێویست بۆیان بەمەبەستی دەستەبەرکردنی سەلامەتی و مافەکانیان. لە کۆتاییشدا داوای لە خوێندکارانی عێراقی کرد، ڕێز لە واقیعی ژینگەیی و کۆمەڵایەتیی ئێران بگرن و پابەندی ڕێنماییەکان و ڕێزی بەرامبەر بن.

219 جار خوێندراوەتەوە