گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان: هەژموونی سیاسی ڕێگرە لە چاکسازیی کەرتی بانکیی عێراق

KNN : Kurdish News Network
09:20 - 09/09/2026
ئابوری
+
-

لاهیب هیجل، گەورە توێژەری کاروباری عێراق لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەدووری زانی فشارە دەرەکییەکان بتوانن گۆڕانکاریی بنەڕەتی یان چاکسازیی پێکهاتەیی لە سیستەمی دارایی عێراقدا دروست بکەن، ئەوەش بەهۆی نەبوونی ئیرادەی سیاسیی ناوخۆیی و تێکەڵاوبوونی قووڵی دامەزراوە داراییەکان لەگەڵ چینی دەسەڵاتدار لە بەغدا.

 

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، هیجل ڕایگەیاند: "پەیوەندیی توندوتۆڵی نێوان سیستەمە داراییەکانی عێراق و نوخبەی سیاسی، وایکردووە ئەنجامدانی چاکسازیی بنەڕەتی ئەستەم بێت." جەختیشی لەوە کردەوە کە فشارە دەرەکییەکان هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو بەدوای خۆیاندا ناهێنن، ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسیی ڕاستەقینە بوونی نەبێت.

 

ئەو گەورە توێژەرە ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵەکانی چاکسازیکردن لە کەرتی بانکی ڕووبەڕووی نەبوونی پاڵپشتیی پێویستی سیاسی دەبنەوە بۆ حکومەتی عێراق، ڕوونیشیکردەوە: "تەنانەت ئەگەر حکومەت نیازی چاکسازیشی لە سیستەمی بانکیدا هەبێت، ئەوا ژینگەیەکی سیاسیی فراوانی نییە بۆ بەرەوپێشچوون لەو ئاراستەیەدا."

 

ئەم لێکدانەوانە لە کاتێکدان کە مشتومڕەکان لە بەغدا بۆ دوورخستنەوەی ئابووریی عێراق لە قەیرانە چاوەڕوانکراوەکان چڕتر بوونەتەوە. پێشتر مەنار عوبەیدی، شارەزای ئابووری، ڕایگەیاندبوو کە کەرتی بانکیی عێراق بە قۆناغی داڕماندا تێناپەڕێت، بەڵکو لە پرۆسەی "جیاکردنەوە، چاکسازی و دووبارە داڕشتنەوەدایە"، کە ڕەنگە قۆناغێکی قورس بێت، بەڵام بۆ ئامادەکردنی کەرتەکە بۆ گەشەکردنی زیاتر پێویستە.

 

لە ماوەی ڕابردوودا مەترسییەکان زیاتر بوون، دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا بۆ ماوەی 18 مانگ بانکی ئیسلامیی (تەیف) بخاتە ژێر سەرپەرشتی و چاودێریی خۆیەوە، ئەمەش بەهۆی تێبینیکردنی سەرپێچیی گەورە کە کاریگەرییان لەسەر پێگەی دارایی بانکەکە هەبووە. ئەو بڕیارەش ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی سپاردەکارانی لێکەوتەوە لەبەردەم لقەکانی بانکەکە لە بەغدا و بەسرە بۆ داواکردنی پارەکانیان، کە بووە هۆی زیاتر لاوازبوونی متمانەی عێراقییەکان بە کەرتی بانکی.

83 جار خوێندراوەتەوە