وەزارەتی دارایی خەرجکردنی 500 ملیار دیناری بۆ جووتیاران ڕاگەیاند

KNN : Kurdish News Network
12:40 - 13/09/2026
ئابوری
+
-

فالح ساری، وەزیری دارایی، ئەمڕۆ یەکشەممە، خەرجکردنی بڕی 500 ملیار دیناری لە شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ مانگی ئەیلولی ئەمساڵ ڕاگەیاند، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی وەزارەتەکە دێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو شایستە داراییانەی کەرتی کشتوکاڵ کە لە ئەستۆی دەوڵەتدان.

 

وەزیری دارایی جەختی لەوە کردەوە کە وەزارەتەکەی بەردەوامە لە تەواوکردنی ڕێکارەکانی پێدانی شایستە داراییەکانی جووتیاران لە مانگەکانی داهاتوودا، تاوەکو دەگاتە قۆناغی سفرکردنەوەی سەرجەم ئەو شایستانەی کە ماون، ئەوەش بەپێی ئەو ڕێکارە داراییانەی پەسەندکراون.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، کەرتی کشتوکاڵ و ڕۆڵی جووتیاران گرنگییەکی زۆری لە پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراکدا هەیە، دووپاتیشیکردەوە کە وەزارەتی دارایی سوورە لەسەر دابینکردنی پێداویستییە داراییەکان بۆ بەردەوامبوونی چالاکییە کشتوکاڵییەکان و هاندان و توانادارکردنی جووتیاران بۆ بەردەوامیدان بە کارەکانیان.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی چارەسەرکردنی شایستەکانی کەرتی کشتوکاڵ و ڕێکخستنی پرۆسەی پێدانەوەیان دێت، بە شێوەیەک کە گەرەنتیی بەردەوامیی دابینکردنی پارەی پێویست بۆ وەرزی کشتوکاڵی و سەقامگیریی ئەو کەرتە لە وڵاتدا بکات.

219 جار خوێندراوەتەوە