فەرماندەیی
پۆلیسی دیالە، ئەمڕۆ دووشەممە، دەستگیرکردنی باندێکی ڕاگەیاند کە تایبەت بوون بە
قاچاخچێتی و گواستنەوەی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا لە شاری بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان.
لە
بەیاننامەیەکدا فەرماندەییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، پاش بەدەستهێنانی زانیاریی وردی
هەواڵگری و وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادگا، هێزەکانیان بەدواداچوونیان بۆ جوڵەی ئەو
باندە کردووە کە مامەڵەیان بە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و نایاساییەوە کردووە.
ڕوونیشیکردووەتەوە، لە ڕێگەی دانانی بۆسەیەکی تووندوتۆڵ لەسەر ئەو ڕێگایەی بۆ
قاچاخچێتییەکە بەکاریدەهێنن، توانراوە ئەندامانی باندەکە لەکاتی ئەنجامدانی
تاوانەکەدا دەستگیربکرێن و دەستیشبگیرێت بەسەر دوو ئۆتۆمبێلی بێسەرەتادا.
پۆلیسی دیالە
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کاتی پشکنیندا دەستگیراوە بەسەر کۆمەڵێک پەڕاو و تۆماری
تایبەت بە کڕین و فرۆشتن، کە وردەکاریی گواستنەوە و قاچاخچێتیی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی
دیکەی بێسەرەتای تێدایە کە پێشتر گواستراونەتەوە. هاوکات لە لێکۆڵینەوە
سەرەتاییەکاندا تۆمەتباران بەڕوونی دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و ڕێکاری یاسایی
پێویست بەرامبەریان گیراوەتەبەر بۆ تەواوکردنی ڕێکارە دادوەرییەکان.
518 جار خوێندراوەتەوە