قائیمقامی دەربەندیخان وەڵامێکی توندی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم دەداتەوە سەبارەت بە سەردانیکردنی قەزاکە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و ڕایدەگەیەنێت، ئەمە کێشەیەکی سیاسی نییە بەڵکو هەڵەیەکی ئیداری و پڕۆتۆکۆڵییە
ئامانج محەمەد، قائیمقامی قەزای دەربەندیخان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوە کردووە، وەک یەکەی کارگێڕیی قەزاکە بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری سەردانەکەی وەزیر نەبوون. دەشڵێت: "ئەمە یەکەمجار نییە، لە سەردانی پێشووشدا و لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆتدا پێمان ڕاگەیاندیت کە سەردان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە کارێکی باش نییە و پێویستە ئاگادارمان بکەیتەوە
قائیمقامی دەربەندیخان ڕەتیدەکاتەوە ئامادەنەبوونیان لە پێشوازیی وەزیردا پەیوەندیی بە ململانێی سیاسییەوە هەبێت و جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەوان ناتوانن غەیب بزانن بۆ ئەوەی بزانن کەی وەزیر سەردانی ناوچەکەیان دەکات. هەروەها ئاشکرای دەکات، ئەو پڕۆژەیەی وەزیر سەردانی کردووە، بەگەڕخستنەوە و دابینکردنی بودجەکەی تەنها لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە کراوە و ئەو پێوەی ماندوو بووە
لە کۆتاییدا ئامانج محەمەد پێیوایە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە بە ئەنقەست یەکەی کارگێڕیی دەربەندیخانی بێئاگا کردووە بۆ ئەوەی دواتر تاوانباریان بکات بە ئامادەنەبوون، هەر ئەوەش هۆکاری ئەو کاردانەوە و وەڵامدانەوەیەتی بۆ وەزیر.
361 جار خوێندراوەتەوە