ڕێکاری نوێ بۆ دانەوەی قەرزی خاوەنکارەکان بە شێوەی قیست ڕاگەیەندرا

KNN : Kurdish News Network
11:59 - 10/09/2026
ئابوری
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بڕیارێکی نوێی بۆ ئاسانکاریی دانەوەی قەرزی خاوەنکاران دەرکرد و ڕایگەیاند، لەمەودوا ئەو خاوەنکارانەی قەرزیان لەسەر کەڵەکە بووە دەتوانن قەرزەکانیان بە (30) قیست بدەنەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لەسەر پێشنیاری کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەنجومەنی کارگێڕیی خەزنەی خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران، ڕێکارێکی نوێی بۆ دانەوەی قەرزی بەشداریی مانگانەی خاوەنکاران پەسەند کردووە. لە ڕێکارە نوێیەکەدا، ژمارەی قیستەکانی دانەوەی قەرز لە (20) قیستەوە بۆ (30) قیست بەرزکراوەتەوە.

 

ئامانج لەم بڕیارە، وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی خاوەنکاران، نەهێشتنی ئاستەنگە داراییەکان لەبەردەمیان، بەردەوامبوونی پڕۆژەکان و پاراستنی مافی کرێکارانە. هەروەها دەرفەتێکە بۆ ئەوەی خاوەنکاران بتوانن خۆیان لەڕووی یاساییەوە ڕێکبخەنەوە و نووسراوی پشتگیریی فەرمی بەدەستبهێنن تاوەکو بە شێوەیەکی یاسایی لە بازاڕی کاردا بمێننەوە.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئێستا بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەر خاوەنکارێک قەرزی لەسەرە، دەتوانێت بۆ سوودمەندبوون لەم ئاسانکارییە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکات.

304 جار خوێندراوەتەوە