هەوڵە سیاسی و
پەرلەمانییەکان بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز لەم خولەی یاساداناندا ڕوو لە
زیادبوونن، ئەمەش دوای نزیکەی دوو دەیە لە پەکخستن و ناکۆکیی بەردەوام. ئەم
جووڵەیەش دوای ئەوە دێت کە "هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت" جەختی لە
پێویستیی ڕەوانەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران کردەوە، بە
مەبەستی کۆتاییهێنان بە ململانێکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی، هەرێمی کوردستان و
پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت.
زەینەب تەمیمی،
ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران، لە
لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لیژنەکەیان گرنگییەکی
زۆر بەو یاسایە دەدەن. ئاماژەی بەوەش کرد، خواستێکی جدی و ڕاستەقینە هەیە بۆ
تێپەڕاندنی یاساکە لەم خولەی ئێستادا بە پاڵپشتیی پەرلەمانتارانی پارێزگا
بەرهەمهێنەرەکانی نەوت و لە سەروویانەوە پارێزگای بەسرە.
لای خۆیەوە، بناس
دۆسکی، ئەندامی هەمان لیژنە، ئاماژەی بەوە کرد کە نەبوونی یاسایەکی فیدراڵی لە
ساڵی (2007)ەوە بووەتە هۆی چەقبەستوویی کەرتەکە و ئاڵۆزتربوونی کێشەکان.
ڕوونیشیکردەوە: "قۆناغی ئێستا پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسیی ڕوون هەیە بۆ
دیاریکردنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکان و پرۆسەکانی هەناردەکردن و فرۆشتن".
هاوکات، عادل مەحلاوی پەرلەمانتار، ئەوەی خستەڕوو کە ڕێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان
زۆرینەی فراکسیۆنەکاندا هەیە بۆ خستنەڕووی یاساکە لەسەر مێزی پەرلەمان، ئەمەش بە
هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی بەغدا و پارێزگا
بەرهەمهێنەرەکان.
لە ڕووی
ئابوورییەوە، د. نەبیل عەبادی، شارەزای ئابووری، ڕوونیکردەوە کە یاساکە کۆڵەکەی
سەرەکییە بۆ داڕشتنەوەی هەیکەلی ئەو ئابوورییەی کە بە ڕێژەی 90٪ پشتبەستووە بە
داهاتی نەوت. جەختی لەوەش کردەوە کە پەسەندکردنی یاساکە متمانەی وەبەرهێنەرانی
نێودەوڵەتی بەهێز دەکات، پاڵپشتیی بەهای دینار دەکات لە ڕێگەی هاتنەناوەوەی دراوی
قورس، و میکانیزمێکی دادپەروەرانە بۆ دابەشکردنی داهاتەکان دادەنێت.
لە هەمان
چوارچێوەدا، هادی هنداس، ئەندامی مەکۆی ئابووریی بەغدا، باسی لەوە کرد کە یاساکە
ژینگەیەکی ڕوونی وەبەرهێنان بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکان و وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ
دەڕەخسێنێت. لە کاتێکدا د. سادق ڕوکابی، بەڕێوەبەری توێژینەوە ئابوورییەکان لە
سەنتەری جیهانی بۆ لێکۆڵینەوەی گەشەپێدان، ڕوونیکردەوە کە چوارچێوەیەکی یاسایی
جێگیر هانی کۆمپانیا جیهانییەکانی وزە دەدات بۆ دوو هێندەکردنی بەرهەمهێنان، بە
مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی کەمبوونەوەی داهاتەکان و یەکلاییکردنەوەی ململانێ
داراییەکانی پێشوو.
122 جار خوێندراوەتەوە