سوپای
پاسدارانی ئێران هۆشدارییەکی توند دەداتە ئەمریکا سەبارەت بە نزیکبوونەوەی کەشتییە
جەنگییەکانیان لە گەرووی هورمز و ڕایدەگەیەنێت؛ ئەگەر واشنتۆن گەرووەکەی کۆنترۆڵ
کردووە، با یەکێک لە کەشتییەکانی بە دووری 100 کیلۆمەتر لێی نزیک بکاتەوە.
عەلی محەمەدی،
جێگری سیاسیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، لە وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ،
سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، ڕایگەیاند: "ئەگەر
وایە فەرموون، یەکێک لە کەشتییەکانتان بە دووری 100 کیلۆمەتر نزیک بکەنەوە."
ئەو بەرپرسە
باڵایەی سوپای پاسداران لە میانی گردبوونەوەیەکی شەوانەی لایەنگرانی حکومەت لە
شاری مەشهەد ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکییەکان دەزانن ئەگەر کەشتییەکانیان نزیک
ببنەوە، ڕووبەڕووی وەڵامی هێزەکانی ئێران دەبنەوە، بێ ئەوەی وردەکاری بدات
بانگەشەی ئەوەشی کرد کە "لە ڕۆژانی ڕابردوودا نموونەی ئەمە ڕوویداوە".
محەمەدی جەختی
لەوەش کردەوە کە لەئێستادا لە کەنداوی فارس، دەریای عومان و گەرووی هورمزدا، هیچ
سەربازێک یان ئامێرێکی سەربازیی ئەمریکی بوونی نییە، هۆشداریشیدا "ئەگەر
ئەمریکییەکان لە ناوچە قەدەغەکراوەکان نزیک ببنەوە، خۆیان باش دەزانن چییان
بەسەردێت و چاوەڕێی چین."
لە کۆتاییدا
ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران ئاشکرایکرد، هەر کەشتییەک لە دیوی کوەیت و بەحرەینەوە
بجوڵێت، بێ هیچ جیاوازییەک لەژێر چاودێریی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداراندایە
و، لەکاتی سەلماندنی هەر سەرپێچییەکدا بەپێی ڕێکارەکان مامەڵەی توندی لەگەڵدا
دەکرێت.
139 جار خوێندراوەتەوە