شارەزایەکی کەشناسی: پایزێکی پڕبارانمان لەپێشە و ئەگەری لافاوی گەورە هەیە

KNN : Kurdish News Network
10:27 - 13/09/2026
کوردستان
+
-

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات پایزێکی پڕ باران ڕوو لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بکات، هاوکات هۆشداریش لە ئەگەری دروستبوونی لافاوی گەورە دەدات و مەترسییەکانی وشکەساڵی بەدوور دەزانێت.

 

شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆی کشانەوەی نزمەپاڵەپەستۆی وەرزیی زەریای هیندی کە هۆکاری سەرەکیی گەرما توندەکانی هاوینە، شەپۆلەکانی گەرما لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتاییان هاتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕۆژانی داهاتوودا کاریگەریی شێی دەریای ناوەڕاست دەبێتە هۆی دروستبوونی هەورەبرووسکە و تاوەبارانی کورتخایەن، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان.

 

سەبارەت بە پلەکانی گەرما، ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونیکردەوە کە لەئێستادا پلەکانی گەرما جێگیرن، بەڵام لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بەهۆی هاتنی بەرزەپاڵەپەستانێک لە چینەکانی سەرەوەی هەوادا، ئەگەری هەیە بەشێوەیەکی کاتی یەک بۆ دوو پلە بەرز ببنەوە و دواتر ڕوو لە دابەزین بکەنەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت: "لە 15 بۆ 20ی مانگ، نزمەپاڵەپەستۆیەک لە دەریای ناوەڕاستەوە کار دەکاتە سەر بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت مانگی 10 پایزێکی پێشوەختە و پڕ باران بێت و پەڵە لە زۆرینەی ناوچەکان بدات."

 

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە هیچ مەترسییەک بۆ وشکەساڵی نییە، بەڵام پێشبینی دروستبوونی لافاوی گەورە لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت.

197 جار خوێندراوەتەوە