شارەزایەکی کەشناسی: شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە و کەپرەشینە دەستپێدەکات

KNN : Kurdish News Network
10:12 - 07/09/2026
کوردستان
+
-

شارەزایەکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات ئەمڕۆ شەپۆلێکی بارانبارین بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و دەڵێت: بارینی باران لەم کاتەی ساڵدا بە "کەپرەشینە" ناسراوە و نیشانەیە بۆ هاتنی پایزێکی پڕباران.

 

سالار حاجی عەلی، شارەزا لە بواری کەشناسی ڕایگەیاند: بەپێی نوێترین نەخشەکانی کەشوهەوا، ئەمڕۆ (حەوتی ئەیلوول) شەپۆلێکی ناسەقامگیری و بارانبارینی لاواز ڕوو لە ناوچە شاخاوی و کوێستانەکانی هەرێم دەکات. هۆکاری ئەم شەپۆلە دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی بارستە هەوایەکی شێدار لە دەریای ناوەڕاست و کەنداوی عەرەبییەوە، کە بەهۆی سیستەمێکی پەستانی هەوای نزم و تێکەڵبوونی لەگەڵ چینە ساردەکانی سەرەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی هەورەبروسکە و بارانی کەم، پێشبینیش دەکرێت سبەینێ کاریگەرییەکەی کۆتایی بێت.

 

سەبارەت بە دیاردەی "کەپرەشینە"، ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونیکردەوە، ئەم ناوە لە دابونەریتی لادێ و گوندنشینەکانەوە هاتووە؛ لە کۆندا کەپر و ساباتیان بە گەڵای درەخت دروستکردووە، بەهۆی بارانی ئەم مانگەوە گەڵاکان ڕەنگیان سەوز و شین بووە و گیا لە دەوروبەری کەپرەکاندا ڕواوە بێ ئەوەی تێکیان بدات. لە ڕووی کەشناسیشەوە، بارینی باران لە مانگی ئەیلوولدا بۆ دیاریکردنی ڕەوشی کەشوهەوای پایز بەکاردێت، بەجۆرێک ئەگەر ببارێت بە مژدەیەک بۆ زووبارین و زۆریی بارانی پایز دادەنرێت، ئەگەر نەشبارێت نیشانەیە بۆ کەمبارانی و وشکیی وەرزی پایز.

586 جار خوێندراوەتەوە