شانەی
ڕاگەیاندنی ئەمنی، ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی گەشتیاران و جووڵەی
بازرگانیی لە دەروازەکانی شیب، شەلەمچە و مەندەلی ڕاگەیاند، ئەوەش لەسەر ڕاسپاردەی
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
شانەکە لە
بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیارەکە دوای پێداچوونەوە بە ڕەوشی کاری
دەروازە سنوورییەکان و دیاریکردنی پێداویستییە ڕێکخراوەیی و هونەرییەکانیان دێت،
بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم فەرمانگە و دەزگاکانی ناو دەروازەکان، بە جۆرێک کە
ئاسایشی دەروازەکان بەهێزتر بکات و لە هەمان کاتدا پارێزگاری لە ئاسانیی جووڵەی
بازرگانی و هاتووچۆی هاووڵاتییان بکات.
ئەوەشی
خستووەتەڕوو: "کاتی تەواوکردنی پێداویستییە ڕێکخراوەیی و نۆژەنکردنەوەکان لە
دەروازەکانی شەلەمچە، مەندەلی و شیب دیاریکراوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ
دەستپێکردنەوەی کارەکان بەپێی ڕێکارە پێویستەکان، بە شێوەیەک کە بەرزترین ئاستی
ڕێکخستن، کۆنتڕۆڵکردن و ئاسانکاری بێتە دی."
هەروەها
ڕوونیکردووەتەوە، دوای هەماهەنگیی نێوان نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە
چەکدارەکان و دەستەی دەروازە سنوورییەکان سەبارەت بە ڕێکخستن و تەواوکردنی
نوێکردنەوەی سیستم، بەرنامە و ڕێکارە پەسەندکراوەکانی کارکردن لەو دەروازانەدا،
ئەم بڕیارانە دراون:
1.دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی گەشتیاران لە هەردوو دەروازەی (شیب و شەلەمچە) لە کاتژمێر (6:00)ی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەوە (13ی ئەیلوولی 2026)
2.دەستپێکردنەوەی جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی شەلەمچە لە کاتژمێر (6:00)ی بەیانیی ڕۆژی دووشەممەوە (14ی ئەیلوولی 2026)
3.دەستپێکردنەوەی جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی مەندەلی لە کاتژمێر (6:00)ی بەیانیی ڕۆژی سێشەممەوە (15ی ئەیلوولی 2026).
4.دەستپێکردنەوەی جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی شیب لە کاتژمێر (6:00)ی بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممەوە (17ی ئەیلوولی 2026).
لە کۆتاییشدا
شانەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە "جووڵەی گەشتیاران و بازرگانی لەگەڵ لایەنی
ئێرانیدا نەوەستاوە و، کارکردن بە درێژایی 24 کاتژمێر لە هەردوو دەروازەی زرباتیە و
مونزریە بەردەوامە."
196 جار خوێندراوەتەوە