رێنمایی نوێی تایبەت بە مووچەی مانگانەی خانەنشینی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت راگەیەندرا

KNN : Kurdish News Network
01:38 - 07/09/2026
ئابوری
+
-

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کەمترین مووچەی خانەنشینی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت بە 500 هەزار دینار دیاری بکات و مەرجەکانی وەرگرتنی ئەو مووچەیەی ئاشکرا کرد.

 

بەپێی ڕێنماییەکی نوێی وەزارەتی دارایی کە بە ژمارە (6)ی ساڵی 2026 دەرچووە و واژووی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری لەسەرە، بڕیاردراوە کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی 500 هەزار دیناری عێراقی دیاری بکرێت.

 

لە ڕێنماییەکەدا مەرجەکانی شایستەبوونی ئەو مووچەیە ڕوونکراوەتەوە، کە بریتین لە خانەنشینبوون بەپێی تەمەن و خزمەت، بەجۆرێک ئەگەر پیاو تەمەنی 60 ساڵ یان ئافرەت تەمەنی 55 ساڵی تەواو کردبێت، دەبێت لانی کەم 20 ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراویان هەبێت. هەروەها، ئەگەر پیاو لانی کەم 30 ساڵ و ئافرەت 25 ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراویان هەبێت، شایستەی ئەو مووچەیە دەبن.

 

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا هاتووە، ئەو کرێکارانەی بە ڕێژەی 100٪ تووشی نەخۆشیی پیشەیی دەبن، یان تووشی پێکانی کار دەبن و دەبێتە هۆی پەککەوتەیی تەواو یان مردنیان بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی پزیشکی، شایستەی مووچەکە دەبن. هاوکات، ئەگەر کرێکارێک لە ماوەی خزمەتی دەستەبەرکراویدا کۆچی دوایی بکات و ناوی لە تۆمارەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا بەردەوام بووبێت، جێماوەکانی شایستەی مووچەی خانەنشینی تەواو دەبن. بڕیارەکەش لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.

216 جار خوێندراوەتەوە