شارەزایەکی
کەشناسی پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ سبەینێ و ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و
ڕایدەگەیەنێت؛ بەهۆی کاریگەریی شەپۆلێکی لاوازی دەریای ناوەڕاستەوە، ئەگەری
نمەباران و هەورەبرووسکە لە سنووری پارێزگای دهۆک هەیە و لە ناوەڕاستی ئەم
هەفتەیەدا پلەکانی گەرما دادەبەزن.
ئاراس جەبار،
شارەزای کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سبەینێ یەکشەممە لە
کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا، ئاسمانی ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، زاخۆ و ناوچە
شاخاوییەکان بۆ نیمچەهەور دەگۆڕێت. لە کاتەکانی ئێوارە و شەویشدا ئەگەری نمەبارانی
کورتخایەن و چالاکبوونی هەورەبرووسکە لە هەندێک شوێنی ئەو پارێزگایەدا دەبێت.
ئەو شارەزایەی
کەشناسی ڕوونیشیکردووەتەوە، لە کاتەکانی شەودا کاریگەریی ئەو شەپۆلە ناوچەکانی
دیکەش دەگرێتەوە و ئاسمان بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، لەگەڵ ئەگەری دڵۆپەباران لە
هەندێک شوێندا و پاشان کاریگەرییەکەی کۆتایی دێت. هاوکات خێرایی با لەسەرخۆ بۆ
مامناوەند دەبێت (10 بۆ 15 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا) و ئاراستەکەشی بەرەو باشووری
ڕۆژئاوا دەبێت.
سەبارەت بە
گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرما، ئاراس جەبار پێشبینی دەکات کە بۆ سبەینێ پلەکانی
گەرما جێگیر بن، بەڵام لە ڕۆژی سێشەممەی داهاتووەوە (8ی ئەیلولی 2026) پلەکانی
گەرما بە ڕێژەی دوو بۆ سێ پلە نزمبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن.
990 جار خوێندراوەتەوە