وەزارەتی
سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ئامادەیی نیشانداوە بۆ
ڕادەستکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە وەزارەتی نەوتی عێراق، لە بەرامبەر
دابینکردنی بەنزینی 450 دیناری و سووتەمەنییەکانی دیکە بە بڕ و نرخی پارێزگاکانی
دیکەی عێراق.
سیپان شێروانی،
ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، دوای
کۆبوونەوەی لیژنەکەیان لەگەڵ هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان لە 26 و 27ی
مانگی ڕابردوودا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە نووسراوێکی فەرمی دوو پێشنیازی
بۆ چارەسەری کێشەی سووتەمەنی خستووەتەڕوو. پێشنیازەکان بریتین لە دابینکردنی سەدا 14ی
نەوتی خاوی تەرخانکراو بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی عێراق کە دەکاتە 140 هەزار بەرمیلی
ڕۆژانە بۆ هەرێم، یان دابینکردنی سەدا 14ی بەنزین و سووتەمەنییەکانی دیکە لەلایەن
بەغداوە؛ لەم حاڵەتەشدا هەرێم لاری نییە لە ڕادەستکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتەکە.
بەپێی
نووسراوەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کە لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی
هەرێمەوە ئاراستەی لیژنەی لاوەکی پەرلەمانی عێراق کراون، پێداویستییەکانی هەرێم لە
سووتەمەنی پێکهاتووە لە 7 ملیۆن لیتر بەنزین، ملیۆنێک و 950 هەزار لیتر گازوایل، 2
هەزار تۆن غازی شل و 2 هەزار و 250 تۆن زەیتی سووتەمەنی (HFO) لە ڕۆژێکدا، لەگەڵ 562 ملیۆن و 500
هەزار لیتر نەوتی سپی لە ساڵێکدا.
ئەو
پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ پێشنیازێکی
فەرمی نەداوەتە پەرلەمان، وێڕای ئەوەی وەزیری نەوت لە میوانداریکردنەکەیدا پێشتر
وتوویەتی ناتوانێت لە ئێستادا بەرهەمی نەوتی بۆ هەرێم دابین بکات. لە کۆتاییشدا
داوا لە نوێنەرانی کورد دەکات یەکدەنگ بن بۆ شەڕکردن لەسەر مافی دەستووریی خەڵکی
هەرێمی کوردستان لە بەنزین، نەوتی سپی و گازوایل، و ناچارکردنی وەزارەتی نەوت بۆ
مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێم هاوشێوەی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
199 جار خوێندراوەتەوە