عێراق و تورکیا
ڕێککەوتوون لەسەر دروستکردنی پاڵاوگەیەکی نەوتی هاوبەش لە شاری جەیهانی تورکیا، کە
بڕیارە بخرێتە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی گشتگیری وزەوە و پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو
واژۆ بکرێت، ئەمەش بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی (IranOilGas) لە
زاری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ).
بەپێی
سەرچاوەکە، پاڵاوگەکە نەوتی خاوی عێراق لە بەندەری جەیهان لەسەر دەریای ناوەڕاست
دەپاڵێوێت، بەو ئامانجەی بەرهەمە نەوتییە پاڵاوتووەکان بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا
هەناردە بکرێن. لەمبارەیەوە بەرپرسانی عێراق پێشبینی دەکەن پڕۆژەکە داهاتێکی زیاتر
بۆ وڵات دابین بکات کە تەنانەت لە داهاتی هەناردەکردنی نەوتی خاویش زیاتر بێت.
ئاماژە بەوەش
کراوە، پڕۆژەی پاڵاوگەکە بەشێکە لە ڕێککەوتنێکی فراوانتر بۆ پەرەپێدانی
هاوکارییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە لە کەرتەکانی نەوت، غاز و کارەبا. ئەمەش دوای
ئەوە دێت کە لە کۆتایی مانگی تەممووزی ڕابردوودا، هەردوو وڵات ڕێککەوتنێکی قۆناغی
گواستنەوەیان بۆ ماوەی یەک ساڵ واژۆکرد، بەمەبەستی پاراستنی بەردەوامیی هەناردەی
نەوتی خاو لە ڕێگەی بۆریی کەرکووک - جەیهان، هاوکات لەگەڵ دانوستانەکان بۆ داڕشتنی
چوارچێوەیەکی هاوکاریی درێژخایەن.
بۆریی نەوتی
کەرکووک - جەیهان کە باکووری عێراق بە بەندەری جەیهانەوە دەبەستێتەوە، بەپێی
ڕێککەوتنە کاتییەکە توانای هەیە ڕۆژانە تاوەکو 750 هەزار بەرمیل نەوت بگوێزێتەوە.
چاوەڕوان
دەکرێت ئەم ڕێککەوتنە پێگەی تورکیا وەک ناوەندێکی سەرەکی بۆ گواستنەوە و پاڵاوتنی
نەوت و غازی عێراق بەهێزتر بکات، لە بەرامبەریشدا بژاردەی نوێ بە عێراق دەبەخشێت
بۆ زیادکردنی داهاتەکانی لە ڕێگەی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییە پاڵاوتووەکان بە
بازاڕەکانی ئەوروپا.
173 جار خوێندراوەتەوە