بە تۆمەتی گەندەڵی بەرپرسێک و هاوسەر و کوڕەکەی دەستگیرکران

KNN : Kurdish News Network
03:57 - 09/09/2026
عێراق
+
-

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق، ئاشکرای کرد؛ توانیویانە تۆڕێکی سەرەکیی هەڕەشەکردن و وەرگرتنی بەرتیل لە پارێزگای بابل هەڵوەشێننەوە، کە لە بەرپرسێکی دیوانی پارێزگاکە و ئەندامانی خێزانەکەی پێکهاتبوون و داوای بەرتیلیان لەو هاووڵاتییانە دەکرد کە دەیانویست بە شێوازی مساتەحە گرێبەست لەسەر زەوییەکانی پارێزگاکە بکەن.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەستەکە، تیمێکی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە بابل، پاش بەدواداچوون و وردبینیکردن، توانیویانە تۆڕێک ئاشکرا بکەن کە لە بەرپرسی لێژنەی خەمڵاندنی نرخی موڵک و ماڵ لە دیوانی پارێزگای بابل، هاوسەرەکەی و کوڕەکەی پێکدێت، کە هەردووکیان فەرمانبەرن لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی حیلە. ئەندامانی ئەم تۆڕە لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ چەند کەسێکەوە، هەڕەشەیان لەو کەسانە کردووە کە حەزیان لە گرێبەستکردن بووە لەسەر زەوییە تەرخانکراوەکانی پارێزگاکە و بەرامبەر تێپەڕاندنی مامەڵەکانیان و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی کرێی موڵکەکان، بڕە پارەیان وەرگرتووە.

 

دەستەکە ئاماژەی بەوەش داوە، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ خانەی هەواڵگری، فەرمانی گرتن بۆ تۆمەتباران جێبەجێ کراوە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بەوەدا ناوە کە بڕە پارەیان لە ژمارەیەک هاووڵاتی وەرگرتووە بۆ تێپەڕاندنی مامەڵەکانیان. لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنەکەشدا، چەندین بەڵگەنامە، گرێبەست و کاری بانکی لە بەردەستی تۆمەتباراندا دەست بەسەردا دراون و سەر ئەنجام دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند بڕیاری ڕاگرتنی بۆ دەرکردوون بەپێی ماددەی (307) لە یاسای سزادان.

143 جار خوێندراوەتەوە