هەرێم و بەغدا پرسی مووچە و پشکی کوردستان لە بودجەی 2027 تاوتوێ دەکەن

KNN : Kurdish News Network
02:53 - 09/09/2026
کوردستان
+
-

ماهر حەمماد جوهان، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە، بۆ تاوتوێکردنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 و جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم تێیدا.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پلاندانان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بودجەی وەبەرهێنان بۆ ساڵی داهاتووی 2027 کراوە، بە ئامانجی دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ دابینکردنی پشکی هەرێم لە بودجەکەدا. هەروەها تەرخانکراوی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، و شایستەکانی بودجەی بەکاربردن بۆ ساڵی داهاتوو تاوتوێ کراون.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو (سێشەممە) حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ شاندێکی باڵایان سەردانی بەغدای کردووە بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای چەند وەزارەتێکی حکومەتی فیدراڵی. ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەش بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی حکومەتی هەرێمە لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 و جێگیرکردنی پشک و شایستە داراییەکانیەتی لەسەر بنەمای دەستووری عێراق.

 

شاندەکەی هەرێم لە کۆبوونەوەکاندا دیدگا و داواکارییەکانی پەیوەست بە شایستە داراییەکانی مووچەخۆران، میلاکات، پلە وەزیفییەکان، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان، لەگەڵ بودجەی بەکاربردن و دۆسیەی نەوت دەخاتە ڕوو، بە مەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا.

 

پێنجشەممەی ڕابردووش، وەزارەتی دارایی فیدراڵی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکردنی بودجەی بە ئامادەبوونی شاندی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدا. تێیدا فالح ساری، وەزیری دارایی فیدراڵی، جەختی لەوە کردەوە کە شەفافیەتی تەواو لە ئاشکراکردنی داتا داراییەکان و داهاتەکان مەرجێکی سەرەکییە بۆ گەیشتن بە بودجەیەکی واقیعی. پێشتریش لە 23ی ئابی ڕابردوودا، وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی داوای لە هەولێر کردبوو شاندێک بنێرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پشکی هەرێم لە یاسای بودجەی 2027.

30 جار خوێندراوەتەوە