وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی مانگانەی بەسەر بریکارەکاندا ڕاگەیاند

KNN : Kurdish News Network
04:31 - 03/09/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستپێکردنی پرۆسەی پێدان و دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە (سەبەتەی خۆراک)ی بەسەر بریکارەکانی خۆراک لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکان ڕاگەیاند و پرۆسەکەش لە ناوچە هەژارنشینەکانەوە دەست پێ دەکات

 

لەو چوارچێوەیەدا، لوما هاشم موسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک لە وەزارەتی بازرگانی، ڕایگەیاند: "لەسەر ڕاسپاردەی مستەفا نزار عانی، وەزیری بازرگانی، تیمەکانی کۆمپانیاکە لە بەغدا و لقی پارێزگاکان دەستیان بە ئامادەکردن و پێدانی بەشەخۆراکی ئەم مانگە بە بریکارەکان کردووە، و پرۆسەکەش بەپێی خشتەی ئامادەکراو لەلایەن ناوەندەکانەوە بەڕێوەدەچێت و سەرەتاش لە ناوچە هەژارنشینەکانەوە دەستپێدەکات

 

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە پێدانی سەبەتەی خۆراکی هاووڵاتییان و سەبەتەی تایبەت بە سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی بەیەکەوە و بە یەک گوژمە دەبێت. هاوکات، داوای لە هاووڵاتییان کرد سەردانی بریکارەکانی خۆراک لە ناوچەکانیان بکەن بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکەکانیان، و لە کاتی هەبوونی هەر سەرپێچییەک لەلایەن بریکارەکانەوە، لە ڕێگەی هێڵە گەرمەکانی فەرمانگەکانی چاودێری، پەیجی فەرمی وەزارەت، یان لە ڕێگەی لینکی خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنیی (ڕاقبنی - چاودێریم بکە) لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.

249 جار خوێندراوەتەوە