عێراق بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەنزین چەند هەنگاوێک دەگرێتەبەر

KNN : Kurdish News Network
08:58 - 06/09/2026
ئابوری
+
-

وەزارەتی نەوتی عێراق هۆکاری قەیرانی بەنزین و دروستبوونی قەرەباڵغی لە بەردەم وێستگەکانی سووتەمەنی ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ، پشت بە هاوردەکردنی بەنزین دەبەستێت کە کورتهێنانەکەی ڕۆژانە دەگاتە پێنج ملیۆن لیتر، لەکاتێکدا پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ بانگهێشتکردنی بەرپرسانی پاڵاوگەکان.

 

سەلیم ڕکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ڕۆژنامەی (سەباح)ی ڕاگەیاندووە: "وەزارەت هەوڵی تەواو دەدات بۆ دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی هاووڵاتییان". ئاماژەی بەوەش کردووە، عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ڕۆژانەی بەنزین کە دەگاتە پێنج ملیۆن لیتر، پشت بە هاوردەکردنی لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە دەبەستێت، ئەمەش لەکاتێکدایە بەکاربردن لە ناوخۆدا بەهۆی وەرزی هاوینەوە بۆ نزیکەی 35 ملیۆن لیتر لە ڕۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.

 

ڕوونیشیکردووەتەوە، گرژییەکانی ناوچەکە و ئاستەنگە ئەمنیی و لۆجستییەکان هۆکارن بۆ سەختبوونی گرێبەستە دەرەکییەکان، لە ئێستاشدا وەزارەت تەنها پشت بە یەک کەشتیی گواستنەوە دەبەستێت، ئەمەش وایکردووە لە نێوان هەر گەشتێکدا بۆ ماوەی چوار ڕۆژ کەمبوونی سووتەمەنی دروست ببێت. بەمەبەستی چارەسەری ئەمەش، وەزیری نەوت لە ڕێگەی شانەی قەیرانەکانەوە ڕێنمایی داوە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی پشتیوان بۆ زامنکردنی بەردەوامیی گەیشتنی بەنزین.

 

لە لایەکی دیکەوە، دورەید عەنزی، شارەزای ئابووری پێی وایە؛ کێشەکە تەنها پەیوەندی بە دەرەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە کەمیی یەدەگ و ناسەقامگیریی پرۆسەکانی پاڵاوتن و سنوورداریی توانای کۆگاکردنەوە. پێشنیازیش دەکات گرێبەست لەگەڵ پاڵاوگە هەرێمییەکان بکرێت بۆ دابینکردنی ڕۆژانەی 200 بۆ 250 هەزار بەرمیلی هاوتا.

 

 هاوکات یەحیا خەزعەلی، سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا پشتڕاستی دەکاتەوە، ئەو بڕە بەنزینەی دەگاتە پایتەخت بە سەختی بەشی پێداویستییە هەنووکەییەکان دەکات و کەمیی سووتەمەنی بەڕوونی دەبینرێت.

 

لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا دەسەڵاتی یاسادانان دەستی بە جووڵە کردووە، قەیسەر جۆرانی، ئەندامی لیژنەی نەوت، غاز و سامانی سروشتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، لیژنەکەیان بەنیازە میوانداریی بەڕێوەبەرانی هەردوو کۆمپانیای پاڵاوگەکانی ناوەڕاست و باشوور بکات. ئەمەش بەمەبەستی ئاگاداربوون لە قەبارەی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە و چارەسەرکردنی کێشەی پلاندانان و دابەشکردن لە ڕەگەوە، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو قورساییە بهێندرێت کە بەهۆی قەرەباڵغی و کەمیی سووتەمەنییەوە کەوتووەتە سەر شانی هاووڵاتییان.

232 جار خوێندراوەتەوە