ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ 5 مەرجی راگەیاند

KNN : Kurdish News Network
02:46 - 09/09/2026
جیهان
+
-

حسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، هۆشداری توند دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕایدەگەیەنێت؛ وڵاتەکەی گەیشتووەتە قۆناغێک کە ئەگەر دوژمن دوو یان سێ ئامانجیان بپێکێت، ئەوان بە لێدانی 20 ئامانج وەڵامێکی توندیان دەبێت، ئاماژە بەوەش دەکات کە بۆ یەکەمجار زیانە ستراتیژییەکانی ئەم جەنگە ڕاستەوخۆ گواستراونەتەوە بۆ ناو خودی ئەمریکا.

 

لە لێدوانێکیدا، وتەبێژی سوپای پاسداران مەرجەکانی ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخەی ئێستا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر دوژمن دەیەوێت ئەم دۆخە کۆتایی بێت، دەبێت جەنگ و هەڕەشەکان بەتەواوی ڕابگرێت، سوپای ئیسرائیل لە لوبنان بکشێتەوە و گەمارۆی سەر یەمەن کۆتایی پێبهێنرێت. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە 24 ملیار دۆلار لە سامانە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکرێت و دەستوەردان لە توانا ئەتۆمی و مووشەکییەکانی وڵاتەکەی ڕابگیرێت.

 

حسێن موحیبی ئەوەشی خستەڕوو، هەرچەندە پێشتر جەنگە سەپێنراوەکان لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا لە قۆناغێکدا کۆتاییان هاتووە، بەڵام جەوهەری جەنگەکە هێشتا بەردەوامە و ئێستا بەشێوەیەک فراوان بووە کە هاوکێشە ئەمنیی و ئابوورییەکانی ئەمریکاشی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە.

67 جار خوێندراوەتەوە