پۆلیسی گەرمیان
گەنجێکی تەمەن 21 ساڵی بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە کچان و ژنان لەڕێگەی تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستگیرکرد و ڕایدەگەیەنێت، تۆمەتبارەکە بە چەندین ئەکاونتی
ساختەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتیی لێکردوون.
لە
ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە، پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوە
کردووە، لە درێژەی هەڵمەتەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بۆ
دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبنە هەڕەشە بۆ سەر
هاووڵاتییان، توانیویانە تۆمەتبارێک بە ناوی (ئـ. د.) کە تەمەنی 21 ساڵە و
دانیشتووی شاری کەلارە، دەستگیر بکەن. پاش لێکۆڵینەوە و پشکنینی مۆبایلەکەی،
دەرکەوتووە کە تۆمەتبارەکە شەش هەژماری جیاوازی لە بەرنامەکانی (تیکتۆک) و
(سناپچات) بەکارهێناوە بۆ هەڕەشەکردن و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتیی
ئافرەتان.
پۆلیسی گەرمیان
ڕوونیشیکردووەتەوە، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی (2) لە یاسای قەدەغەکردنی
خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ڕاگیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ
کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکانیش لەگەڵیدا بەردەوامن. هاوکات داوا لەو کەسانە دەکات کە
لە ڕێگەی ئەو ئەکاونتە ساختانەوە هەڕەشەیان لێکراوە، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی
تاوانی گەرمیان بکەن بەمەبەستی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دژی تۆمەتبارەکە.
109 جار خوێندراوەتەوە