کەشناسیی هەرێم: بارستەهەوایەکی فێنک ڕوو لە ناوچەکانمان دەکات و ئەگەری نمەباران هەیە

KNN : Kurdish News Network
10:53 - 06/09/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، لە سبەینێوە بەهۆی کاریگەریی بارستەهەوایەکی فێنکەوە پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و ئەگەری نمەباران لە چەند ناوچەیەکی سنووری هەیە.

 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی هەندێک پەڵەهەور، لە کاتەکانی ئێوارەشدا لە ناوچە شاخاوییەکان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور. خێرایی با لە نێوان (15 بۆ 20) کیلۆمەتردا دەبێت لە کاتژمێرێکدا و هەندێک کاتیش بۆ سەرووی (25) کیلۆمەتر زیاد دەکات، بە ئاراستەی باکووری ڕۆژهەڵات و مەودای بینینیش (8-9) کیلۆمەتر دەبێت. هەروەها پلەکانی گەرما نزیک دەبن لە تۆمارەکانی پێشوو، لە هەندێک ناوچەش کەمێک نزم دەبنەوە، کە تێیدا گەرمیان بە 42 پلە و حاجی ئۆمەران بە 27 پلەی سیلیزی بەرزترین و نزمترین پلەکانی گەرمایان تۆمارکردووە.

 

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە، کەشناسیی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و بەهۆی کاریگەریی بارستەهەوایەکی فێنکەوە پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بە بڕی یەک بۆ سێ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە. لەگەڵ ئەم دابەزینەشدا، لە کاتەکانی زووی بەرەبەیاندا لە ناوچە سنوورییەکانی هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و سۆران و بەشێک لە پارێزگای دهۆک، ئەگەری دڵۆپەباران هەیە و مەودای بینینیش دەبێتە (9-10) کیلۆمەتر.

193 جار خوێندراوەتەوە