بە چاودێریی کۆمیسیۆن و دادگا، گۆڕان کۆنفرانسی تەواوکاری لە مەکۆی سەرەکی گرێ دەدات

KNN : Kurdish News Network
03:24 - 05/09/2026
کوردستان
+
-

بڕیارە کاتژمێر 6:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسی نائاسایی و تەواوکاریی خۆی لە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەکە لە شاری سلێمانی گرێ بدات، کە تێیدا پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ پۆستی ڕێکخەری گشتی بەڕێوەدەچێت.

لە کۆنفرانسەکەدا نزیکەی 600 ئەندام بەشدار دەبن و پڕۆسەکە بە چاودێریی ڕاستەوخۆی نوێنەرانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق (فەرمانگەی پارتە و ڕێکخراوە سیاسییەکان)، دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت. ئەم کۆنفرانسە بە تەواوکاریی دووەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان دادەنرێت کە لە 16ـی شوباتی 2026لە شاری کەرکوک بەڕێوەچوو، کە تێیدا سەرکردایەتییەکی نوێی ڕێگەپێدراو لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە هەڵبژێردرا.

دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان بۆ پۆستی ڕێکخەری گشتی، بڕیارە بەلاغی کۆتایی کۆنفرانسەکە بخوێنرێتەوە. تێیدا جەخت لەسەر هەڵوێستە نەگۆڕە سیاسییەکانی بزووتنەوەکە دەکرێتەوە بۆ دابینکردنی مافەکانی خەڵک، پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە ڕێگەی گفتوگۆ، و باشترکردنی بژێویی ژیانی هاووڵاتییان.

153 جار خوێندراوەتەوە