دەستەی
دەستپاکی فیدراڵی ڕایگەیاند، دوو بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ جێگری پێشووی
بەڕێوەبەری تۆماری خانوبەرەی کەرکوک دەرکردووە، بەهۆی ئەوەی بە ئەنقەست زیانی بە
سامانی گشتی گەیاندووە و دەسەڵاتەکەی بۆ بەرژەوەندیی کەسیی قۆستووەتەوە.
لە
ڕاگەیەندراوێکدا دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دادگای تایبەتمەند دوای
لێکۆڵینەوەکان، دوو بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ئەو بەرپرسەی پێشووی تۆماری خانوبەرە
دەرکردووە. سزای یەکەمیان لەسەر ئەو تاوانە بووە کە بە هاوبەشی لەگەڵ تۆمەتبارێکی
دیکەدا، لەرێگەی دروستکردنی نووسراوێکی خاوەندارێتیی ساختە بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی
شارەوانیی کەرکوکەوە، مامەڵەی فرۆشتنی موڵکێکیان بۆ دوو هاوڵاتی ڕاییکردووە.
هەروەها سزای
دووەمیشی بەهۆی ئەوەوە بووە کە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەیبووە، بەرپرسیار بووە لە
ونبوونی دۆسیەی موڵکێکی تۆمارکراو بەناوی شارەوانیی کەرکوکەوە، ئەوەش زیانی گەورەی
بە سامانی دەوڵەت گەیاندووە. دوای بینینی بەڵگە و سەلماندنەکان، دادگا گەیشتووەتە
بڕوای تەواو بۆ سزادانی تاوانبارەکە و بڕیارەکانی بەپێی ماددەی (340) و ماددەکانی
دیکەی تایبەت بە بەشداریکردن لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکردووە.
پێشتریش لە دەی
تەممووزی ڕابردوودا، دەستەی دەستپاکی دەرچوونی بڕیارێکی زیندانیکردنی توندی بۆ
هەمان تاوانبار ڕاگەیاندبوو، کە بەهەمان شێوە زیانی بە سامانی دەوڵەت گەیاندبوو لە
ڕێگەی ساختەکاری و ڕاییکردنی مامەڵەی فرۆشتنی موڵکێکی شارەوانیی کەرکوکەوە.
144 جار خوێندراوەتەوە