کەشناسیی هەرێم: پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن

KNN : Kurdish News Network
12:17 - 31/08/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو و بەراورد بە دوێنێ، بەڕێژەی (4 بۆ 6) پلە دادەبەزن.

 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، بۆ ئەمڕۆ دووشەممە (31ی ئابی 2026)، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت لە نێوان (10 بۆ 20) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و ئاراستەی با بەرەو باکووری خۆرئاوا دەبێت، هەروەها مەودای بینین لە نێوان (8 بۆ 10) کیلۆمەتردا دەبێت. لە تۆمارەکانی ئەمڕۆدا، بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان و دهۆک دەبێت کە 39 پلەیە و نزمترینیش لە حاجی ئۆمەران دەبێت کە 27 پلەی سیلیزییە، لە هەولێری پایتەخت 35 پلە و لە سلێمانی 34 پلە دەبێت.

 

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ سێشەممە (1ی ئەیلولی 2026)، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بەڕێژەی (1 بۆ 2) پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە. خێرایی و ئاراستەی با، هەروەها مەودای بینین، هاوشێوەی ئەمڕۆ جێگیر دەبن.

316 جار خوێندراوەتەوە