سەرکردەیەکی کوردی حەشدی شەعبی لە خانەقین دەستگیرکرا

KNN : Kurdish News Network
11:09 - 31/08/2026
کوردستان
+
-

سەرچاوەیەکی حکومی، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕایگەیاند کە "سەرکردەیەکی پێشووی حەشدی شەعبی بە تۆمەتی نانەوەی ئاژاوەی تایفەگەری و نەتەوەیی لە قەزای خانەقینی باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە دەستگیرکراوە" ئەمەش دوای ئەوەی هانی هاووڵاتیانی دابوو موڵک و زەوی بە هاووڵاتیانی عەرەب نەفرۆشن.

 

سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، هێزێکی ئەمنی "کامەران وەیس موراد" ناسراو بە "ئەبو مونتەزیر دەلوی"یان لە قەزای خانەقین، بەپێی ماددەی (200) لە یاسای سزادانی عێراقی، بە تۆمەتی هاندانی تایفەگەری، ڕەگەزپەرستی و نەتەوەیی دەستگیرکردووە.

 

لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەیەوە، سەرچاوەکە ڕوونیکردووەتەوە کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بووە، کە تێیدا هانی داوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی عەرەب نەکرێت یان لە خانەقین نیشتەجێ نەبن، لەگەڵ داواکردن بۆ پێنەدانی هیچ پۆستێکی حکومی پێیان.

 

کامەران موراد، پێشتر بۆ ماوەیەک لە یەکێک لە دەروازە سنوورییەکان کاری کردووە و پۆستێکی سەرکردایەتی لە حەشدی شەعبی هەبووە. دواتر پەیوەندی بە ڕێکخراوی بەدرەوە کردووە و لێپرسراوێتی ڕێکخراوەکەی لە خانەقین وەرگرتووە، پاشان لێیان جیابووەتەوە و چووەتە ناو بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و دواتریش لەوانیش جیابووەتەوە.

469 جار خوێندراوەتەوە