وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ترەمپ بە توندی پشتیوانی لە دیدگای عەلی زەیدی دەکات

KNN : Kurdish News Network
04:59 - 01/09/2026
عێراق
+
-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی لەوە کردەوە؛ عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە و بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان، دەستی بە قۆناغێک و ڕێڕەوێکی نوێ کردووە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی وەزارەتەکە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە: "وەک چۆن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی میوانداریکردنی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانە مێژووییەکەیدا لە ١٤ی تەممووزی ڕابردوو ڕوونیکردەوە، ئەمریکا بە توندی پشتیوانی لە دیدگاکەی دەکات بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ سەرجەم عێراقییەکان."

 

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانج لەو پشتیوانییەی واشنتن، ڕێگریکردنە لە ئەنجامدانی هێرش لە ناوخۆی عێراق یان لە خاکی عێراقەوە بۆ دەرەوە، لەگەڵ بونیادنانی هاوبەشییەکی بەهێز و سوودبەخش بۆ هەردوو وڵات.
لە مانگی ئەیلوولی 2024، عێراق و ئەمریکا ڕێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتیی واشنتن لە عێراق. ئەوەش لە چوارچێوەی پلانێکی قۆناغبەندییدا بوو بۆ گواستنەوەی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەوە بۆ هاوبەشییەکی دووقۆڵی.

 

قۆناغی یەکەمی ئەرکەکە لە ئەیلوولی 2025 کۆتایی هات، لەکاتێکدا بەشێک لە هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان مانەوە بۆ پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی رێکخراوەکە لە سوریا، بڕیاریشە تا کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2026 قۆناغی کۆتایی کشانەوەی هێزەکان تەواو بکرێت.

 

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014 بۆ هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پێکهێنرا، کە ئەوکات ڕێکخراوەکە ڕووبەرێکی فراوانی عێراق و سوریای کۆنتڕۆڵ کردبوو. دواتر ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان بەشێوەیەکی سەرەکی گۆڕا بۆ مەشق و ڕاوێژکاری و پشتیوانیی هەواڵگری، لە بەرامبەریشدا، بەغدا بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزەکانی توانای گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتیی ئەمنی و ڕاوەدوونانی شانە نوستووەکانی داعشیان هەیە.

85 جار خوێندراوەتەوە