دەستەی دەستپاکی سزای زیندانیکردن و پێبژاردنی دارایی قورسی بەسەر دوو بەرپرسی باڵادا سەپاند

KNN : Kurdish News Network
02:04 - 30/08/2026
عێراق
+
-

دەستەی دەستپاکیی عێراق سەپاندنی سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر هەریەک لە تەڵال زەوبەعی، پەرلەمانتاری پێشوو و عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردندا ڕاگەیاند، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە تاوانی هەڵاوسانی سەرمایە و بەدەستهێنانی سامانی نایاسایی.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکی، بڕی سامانی نایاسایی و هەڵاوسانی سەرمایەی عەلی مەعاریج بەهادلی نزیکەی (26.5) ملیار دینار بووە، لە بەرامبەردا دادگا ئەو سزادراوەی پابەند کردووە بە پێدانی بڕی (53) ملیار دینار، کە دەکاتە بەهای سەرمایە نایاساییەکە و ئەو سزای پێبژاردنەی بۆی دیاریکراوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تەڵال زەوبەعی بە هەمان شێوە تاوانبار کراوە و سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچووە، کە بڕی ئەو سامانە نایاساییەی بەدەستیهێناوە نزیکەی (35) ملیار دینارە. بە بڕیاری دادگاش، ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو پابەند کراوە بە گەڕاندنەوەی نزیکەی (70) ملیار دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت وەک گێڕانەوەی بەهای قازانجە نایاساییەکە و سزای پێبژاردن.

150 جار خوێندراوەتەوە