باسم محەمەد
خوزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی
کرد بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەی هێڵی بۆریی ستراتیژیی هەناردەکردن، کە ئامانج لێی
فرەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراقە بە توانای دوو ملیۆن و 250
هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
کۆبوونەوەکە بە
ئامادەبوونی نەسیر عەزیز، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان و بەڕێوەبەرانی
گشتیی هەردوو کۆمپانیای نەوتی بەسرە و باکوور، لەگەڵ ستافی پێشکەوتووی وەزارەت
بەڕێوەچوو. تێیدا هەنگاوە کردارییەکانی پڕۆژەی هێڵی بۆریی هەناردەکردنی ستراتیژی
(بەسرە - حەدیسە - پێشخابوور) و (حەدیسە - بانیاس) تاوتوێ کران، کە بە یەکێک لە
گەورەترین و گرنگترین پڕۆژەکان دادەنرێت لە کەرتی وزەدا.
لە میانی
کۆبوونەوەکەدا، پێداچوونەوە بە میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە زەبەلاحەدا
کرا، کە بڕیارە لەلایەن هاوپەیمانییەکی کۆمپانیا جیهانییەکانەوە جێبەجێ بکرێت، کە
پێکهاتوون لە هەردوو کۆمپانیای (شێڤرۆن -
Chevron) و (تی ئای
کاپیتاڵ - Ti Capital)ی ئەمریکی، لەگەڵ کۆمپانیای (یوو سی سی - UCC)ی قەتەری.
لە کۆتایی
کۆبوونەوەکەدا، وەزیری نەوت ڕێنمایی دا بە پەلەکردن لە ڕێکارەکان و چڕکردنەوەی
گفتوگۆ تەکنیکی و بازرگانییەکان، بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا بگەنە قۆناغی
واژۆکردنی گرێبەستەکە. جەختیشی لەسەر گرنگیی ستراتیژی و ئابووریی ئەم پڕۆژەیە
کردەوە بۆ داهاتووی عێراق و پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی وزە لە وڵاتدا.
293 جار خوێندراوەتەوە