قاسم ئەعرەجی،
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی، جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆکان لەگەڵ گروپە
چەکدارەکان دەکاتەوە بۆ ئەوەی چەک تەنها بەدەست دەوڵەتەوە بێت و، ڕوونیشی دەکاتەوە
کە چەکی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دەستووردایە و بڕیاری ڕادەستکردنەوەی چەک تەنها ئەو
هێزانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی دەستوورن.
قاسم ئەعرەجی
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "جەزیرە" ڕایگەیاند: "لە ئێستادا
گروپە چەکدارەکان پابەندن بەوەی هیچ کارێک دژی وڵاتانی دراوسێ یان لە ناوخۆی
عێراقدا ئەنجام نەدەن، هەروەها سوورین لەسەر کۆتاییهێنان بەو دۆسییانەی دەبنە هۆی
زیانگەیاندن بە عێراق و وڵاتانی دراوسێ."
ئاماژەی بەوەش
کرد، دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە (30)ی ئەیلولی داهاتوودا،
دەرفەتێکی گونجاو دێتە ئاراوە و گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ گروپە چەکدارەکان دەکرێت بۆ
ئەوەی چەک بخەنە دەست دەوڵەت. ڕوونیشیکردەوە کە کشانەوەی هاوپەیمانان بە واتای
پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن نایەت و ئاڵوگۆڕی زانیارییە ئەمنییەکان لە نێوان
هەردوولادا بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە
پەیوەندییە دەرەکییەکان، ڕاوێژکارەکەی حکومەت جەختی کردەوە کە پەیوەندییەکی باشیان
لەگەڵ ئێران و ئەمریکادا هەیە و هەوڵ دەدەن ببنە پردێکی پەیوەندی بۆ گەیشتن بە
ڕێککەوتنێک کە مافی هەموو ناوچەکە بپارێزێت. وتیشی: "ئێران و ئەمریکا دۆستی
ئێمەن، بەڵام بەرژەوەندیی خۆمان لەپێشترە و توانای ئەوەمان هەیە لایەنەکان قایل
بکەین بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانمان."
لە بەشێکی تری
قسەکانیدا، ئەعرەجی باسی لەوە کرد کە هەماهەنگی و هاوکاریی ئەمنی لە نێوان وڵاتانی
کەنداو، عێراق و ئێراندا پێویستە، و ئێرانیش جەخت لە دەرکردنی گروپە توندڕەوەکان
لە عێراق دەکاتەوە. سەبارەت بە تورکیاش ڕایگەیاند: "ئەو هەلومەرجەی کە بووە
هۆی هاتنی هێزەکانی تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق، بە کۆتاییهاتنی دۆسیەی پارتی
کرێکارانی کوردستان کۆتایی دێت، بوونی ئەو هێزانەی پەکەکەش لە خاکی عێراقدا
نایاساییە و لەگەڵ لایەنی تورکیدا کار بۆ چارەسەرکردنی دەکەین."
جێی باسە، لە
ئەیلولی (2024)دا عێراق و ئەمریکا ڕێککەوتوون لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی واشنتن دژی ڕێکخراوی داعش لە عێراق، بە
مەرجێک قۆناغی کۆتایی لە کۆتایی ئەیلولی (2026)دا تەواو ببێت. هاوکات، وادەی (30)ی
ئەیلول هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی کۆنتڕۆڵکردنی چەک بەدەست دامەزراوە فەرمییەکانەوە،
لە کاتێکدا هەندێک لە گروپە چەکدارەکان چارەنووسی چەکەکانیان گرێداوە بە کشانەوەی
هێزە بیانییەکان لە وڵاتەکەدا. پێشتریش، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هۆشداری
دابوو کە لە دوای (30)ی ئەیلولەوە هەر چالاکییەکی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی
دەوڵەت، بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
153 جار خوێندراوەتەوە