بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ
ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ئەگەری نمەباران لە ناوچە
جیاجیاکان هەیە و سبەینێش بەهۆی کاریگەریی بارستە هەوایەکی فێنکەوە پلەکانی گەرما
زیاتر دادەبەزن.
بەپێی
ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی، بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە (30ی ئابی 2026)، ئاسمان نیمچە هەور و
لە هەندێک ناوچەش هەوری تەواو دەبێت. ئەگەری نمەباران لە ناوچەی جیاجیا هەیە و لە
هەندێک ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و بەرزەکاندا ئەگەری نمەباران و هەورە تریشقە
هەیە. هاوکات، خێرایی با لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان
زیاد دەکات و هەندێک کات دەگاتە سەروو (25) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، هەروەها
پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ بە بڕی (1 بۆ 2) پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
سەبارەت بە
کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە (31ی ئابی 2026)، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە
ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت. لە ئەنجامی کاریگەریی هاتنی بارستە هەوایەکی
فێنک، پلەکانی گەرما بە ڕێژەی (3 بۆ 5) پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
لە
پێشبینییەکاندا هاتووە، بۆ سبەینێ دووشەممە بەرزترین پلەی گەرما لە هەولێر 37،
سلێمانی 36، دهۆک 36، هەڵەبجە 38 و لە گەرمیان 42 پلەی سیلیزی دەبێت، فێنکترین
ناوچەش حاجی ئۆمەران دەبێت کە پلەی گەرمای بۆ 26 پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
658 جار خوێندراوەتەوە