وتەبێژی پارتی
دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەستەڵەکی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی
شکاوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا هەردوو حزب کۆدەبنەوە، جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە
بەپەلە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی
دەیەمی حکومەت دەست پێبکەن.
مەحمود محەمەد،
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا
ڕایگەیاند: "لە ماوەی ڕابردوودا بەستەڵەکی نێوان پارتی و یەکێتی شکێنراوە و
بەمنزیکانە هەردوولا کۆدەبنەوە، بەڵام کۆبوونەوەی لوتکە دەمێنێتەوە بۆ دوای
کۆبوونەوەکانی دیکە".
وتەبێژی پارتی
سوپاسی ئەو لایەنە سیاسییانەی کرد کە ڕۆڵیان هەبووە لە هەوڵەکان بۆ شکاندنی ئەو
چەقبەستووییە سیاسییەی لە هەرێمی کوردستاندا دروست ببوو، ئاماژەی بەوەش کرد کە
لایەنەکانی دیکە بەشێکن لە پرۆسەکە و ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییان لەسەر شانە.
سەبارەت بە
پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان، مەحمود محەمەد ڕوونیکردەوە: "ئەگەر گەیشتینە ئەو
بڕوایەی ڕێگەیەک هەیە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئەوکاتە
پێویست ناکات پێشوەختە بڕیار بدەین کە سێ ساڵ یان چوار ساڵ بۆ هەڵبژاردن دیاری
بکرێت، بەڵکو ئەو بابەتە لە کاتی خۆیدا بڕیاری لێ دەدرێت".
155 جار خوێندراوەتەوە