ڕاوێژکاری
دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، یەدەگی دراوی بیانیی عێراق لە ئاستێکی
تا ڕادەیەک سەقامگیری و ئارامدایە، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو دابەزینەی
لەمساڵدا لە قەبارەی یەدەگەکەدا تۆمار کراوە، پێویستی بە وریایی و بەدواداچوونی
زیاترە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئابووریی وڵات.
مەزهەر محەمەد
ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا
ڕوونیکردەوە: "بەپێی خەمڵاندنەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، قەبارەی یەدەگی
بیانیی عێراق بۆ ساڵی 2026 بە نزیکەی 79.2 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، کە بەشی
هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی 9.6 مانگ دەکات، لە ئێستاشدا یەدەگی عێراق
لەو ئاستە نزیک بووەتەوە".
ئاماژەی بەوەش
کرد، بەپێی پێوەرەکانی کارایی یەدەگ، دابینکردنی تێچووی هاوردەکردنی زیاتر لە شەش
مانگ بە ئاستێکی ئارام دادەنرێت. هۆشداریشیدا لەوەی: "دابەزینی قەبارەی یەدەگ
لەمساڵدا هۆکار نییە بۆ گەیشتن بە قۆناغێکی مەترسیدار، بەڵکو مەترسییەکە لە
بەردەوامیی دابەزینەکەدایە کە ڕەنگە لە داهاتوودا هێڵی ئارامیی یەدەگەکە کەم
بکاتەوە".
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا، مەزهەر محەمەد ساڵح باسی لە ڕۆڵی گرنگی یەدەگی بیانی کرد لە
پاراستنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە فشارەکان، و توانای بانکی ناوەندی بۆ
دابینکردنی دۆلار و پڕکردنەوەی خواستە ڕەواکان. هاوکات پشتبەستنی زۆری عێراق بە
داهاتی نەوتی بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی مەترسی ناوبرد، کە هەر دابەزینێک
لە داهاتی نەوتدا، فشار دەخاتە سەر یەدەگ و سەقامگیریی نرخی دراو.
لە کۆتاییدا
جەختی لە گرنگیی پاراستنی سەربەخۆیی سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندی کردەوە،
لەگەڵ بەکارنەهێنانی یەدەگی بیانی بۆ پڕکردنەوەی بەردەوامی کورتهێنانی بودجە. بە
بڕوای ئەو، چارەسەری ڕیشەیی خۆی لە کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان، بەتایبەت
خەرجییە بەکاربردنەکان، و گەشەپێدانی داهاتە نانەوتییەکاندا دەبینێتەوە.
120 جار خوێندراوەتەوە