بانکی ناوەندی: سڕینەوەی سفرەکانی دراو پێویستی بە چەندین قۆناغی یاسایی و هونەرییە

KNN : Kurdish News Network
04:49 - 26/08/2026
ئابوری
+
-

بانکی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەنگۆی چاپکردنی بڕێکی زۆر لە دراوی نوێی عێراقیی بەبێ سفر ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، هەر پڕۆژەیەکی داهاتوو تایبەت بە دووبارە داڕشتنەوەی جۆرەکانی دراو یان سڕینەوەی سفرەکان، پێویستی بە چەندین قۆناغی یاسایی، ڕێکخستن و هونەری دەبێت.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بانکی ناوەندی بڵاویکردووەتەوە، هاتووە: "بەدواداچوونمان بۆ ئەو هەواڵ و لێدوانانە کردووە کە لە هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە چاپکردنی دراوی نوێ بەبێ سفر بەمەبەستی خستنە بازاڕەوە". بانکی ناوەندی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەو هەواڵانە هیچ بنەمایەکی فەرمییان نییە و چاپکردنی هەر جۆرە دراوێکی نوێی عێراقی بەبێ سفر بەتەواوی ڕەتدەکاتەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەر پڕۆژەیەکی داهاتوو بۆ سڕینەوەی سفرەکان، لە ئەگەری دەرچوونی بڕیارێکی فەرمیدا، قۆناغی یاسایی و هونەریی فرەچەشن دەبڕێت، و لە کاتی پەسەندکردنیدا لەڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانی بانکەکە و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاودەکرێتەوە. هاوکات ماوەیەکی گواستنەوەی گونجاو دیاری دەکرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییان، بانکەکان و دامەزراوەکان بتوانن بە شێوەیەکی ئارام و ڕێکخراو دراوەکانیان بگۆڕن، بۆ پاراستنی ماف و پابەندبوونە داراییەکانی هەموولایەک.

 

لە کۆتاییدا، بانکی ناوەندی داوا لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات، بۆ وەرگرتنی زانیاریی تایبەت بە سیاسەتی نەختینەیی تەنها پشت بە کەناڵە فەرمییەکانی بانکەکە ببەستن و بڕوا بە زانیاری و ژمارەی پشتڕاستنەکراوە نەکەن، چونکە بڵاوکردنەوەیان دەبێتە هۆی شڵەژان و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە داراییەکانی هاووڵاتییان.

177 جار خوێندراوەتەوە