پزیشکیان: بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە هەناردەکردن بە رێژەی 35٪ دابەزیوە و هەڵاوسانیش گەیشتووەتە 66٪

KNN : Kurdish News Network
10:34 - 29/08/2026
جیهان
+
-

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنییدا ڕایگەیاند، بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێرانەوە، هەناردەی وڵاتەکەیان بەڕێژەی نزیکەی 35٪ کەمیکردووە، هاوکات ڕێژەی هەڵئاوسانی ساڵانەش گەیشتووەتە 66٪.

 

پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد، فشاری جەنگ و سزاکان لەسەر ئابووریی ئێران زیادیان کردووە. ئەوەشی خستەڕوو، لەو ماوە کورتەی جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنەی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا لە نێوان تاران و واشنتۆن واژۆ کرا، ئێران توانیویەتی نزیکەی 90 ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت، بەو پێیەی ئەمریکا لەو ماوەیەدا ڕێگەی بە فرۆشتنی نەوتی وڵاتەکەی دابوو.

 

لە لایەکی دیکەوە و لەم دۆخەدا کە بارودۆخی ئابووری دەسەڵاتدارانی ئێرانی زۆر نیگەران کردووە، لە پەیامێکی نووسراودا موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران داوای لە حکومەت کردبوو ڕووبەڕووی کێشە ئابوورییەکان ببێتەوە. لە پەیامەکەدا هاتووە کە پێویستە بە شێوەیەکی جدی بەدواداچوون بۆ زنجیرەی کێشە ئابووری و بژێوییەکانی وەک هەڵئاوسان، بێکاری، کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان و خزمەتگوزارییەکان بکرێت.

 

بڵاوبوونەوەی ئەم پەیامە لە کاتێکدایە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوشانی فشارە ئابوورییەکان، ڕووبەڕووی دەرهاویشتەکانی جەنگ، سزای نوێ و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانیش بووەتەوە.

112 جار خوێندراوەتەوە