شاندی باڵای سوریا و ئیسرائیل لە ئوردن کۆبوونەوە

KNN : Kurdish News Network
08:57 - 24/08/2026
جیهان
+
-

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا ئاشکرایکرد، شاندێکی باڵای وڵاتەکەیان بە سەرۆکایەتی ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوە و بە نێوەندگیریی ئەمریکا، لەگەڵ شاندێکی باڵای ئیسرائیل لە ئوردن کۆبوونەتەوە، بەمەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان و پشتگیریکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

 

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە کە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا کردووە کۆبوونەوەکە، کە رۆژی یەکشەممە بەڕێوەچووە و سەرۆکانی هەواڵگریی گشتی و سەربازیی سوریا تێیدا بەشداربوون، دوای بۆردومانەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سوریا دێت. تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان دانانی میکانیزمی کرداری بووە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل و دووبارە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنیی گشتگیر.

 

لە کۆبوونەوەکەدا شاندی سوریا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەیان خاوەن سەروەرییە و مافی تەواوی هەیە سوپاکەی بنیاد بنێتەوە و هاوپەیمانێتییەکانی دیاری بکات، هەروەها هەر ڕێککەوتنێک کە مافە سەروەرییەکانیان پێشێل بکات، ڕەتدەکەنەوە.

 

سەبارەت بە جۆلانی داگیرکراو، شاندی سوریا دووپاتیان کردووەتەوە کە خاکی سوریایە و گفتوگۆکردن لەسەر چارەنووسی کۆتایی لە ئێستادا پێشوەختەیە. داواشیان کردووە هێزەکانی ئیسرائیل بگەڕێنەوە بۆ هێڵەکانی پێش 8ی کانونی یەکەمی 2024 و ڕێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکانی ساڵی 1974 بەتەواوی جێبەجێ بکرێت.

 

بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بووە بە هەوڵەکانی نزیککردنەوەی تورکیا و ئیسرائیل، بۆ ئەوەی گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە کاریگەری لەسەر خاکی سوریا نەبێت و سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سوریا پارێزراو بێت.

106 جار خوێندراوەتەوە