فەرماندەی سوپای پاکستان بە پەیامێکی ئەمریکاوە دەگاتە ئێران

KNN : Kurdish News Network
11:59 - 23/08/2026
جیهان
+
-

فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی پاکستان بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە تاران و بەپێی سەرچاوەکانیش، پەیامێکی ئەمریکا دەگەیەنێتە بەرپرسانی باڵای ئێران بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران.

 

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە عاسم مونیر، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی پاکستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی فەرمی دەگاتە ئێران. ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی سەردانەکە بەهێزکردنی هاریکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات و "بەشداریی پاکستانە لە چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەدا"، بڕیاریشە ناوبراو لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێراندا کۆببێتەوە.

 

هاوکات، سەرچاوەکان بە کەناڵی عەرەبیەیان ڕاگەیاندووە، فەرماندەی سوپای پاکستان لەم سەردانەیدا پەیامی ئەمریکییەکان دەگەیەنێتە تاران و هەوڵێکە بۆ شکاندنی ئەو چەقبەستووییەی دروستبووە و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، بەتایبەت کە پاکستان وەک نێوەندگیرێکی سەرەکیی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هەژمار دەکرێت.

 

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، لە مانگەکانی ڕابردوودا شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیران و موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان چەندین جار سەردانی تارانیان کردووە. هەردوو وڵات هەوڵ دەدەن قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان بۆ ١٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا بەرز بکەنەوە. جێی باسە، پاش گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، پاکستان شەش دەروازەی وشکانی لە بەندەرەکانی کەراچی و گوادەرەوە بۆ گواستنەوەی کاڵا بۆ ئێران کردووەتەوە.

185 جار خوێندراوەتەوە